لەھەولێر باس لە ئەرک و مافی پێکھاتەو ئایینییەکان لە دەستووری ھەرێمی کوردستان کرا
ئەمڕۆ شەممە 15/7/2017 لە سەنتەری کوومەڵایەتی و ئەکادیمیی عەنکاوە، بە بەشداری نوینەرایەتی سەرجەم پێکھاتە ئایینییەکانی (بەھائی، زەردەشتی، یارسانی، ئێزیدی، سابیئە، مەسیحی، جوو، ئیسلام و کاکەیی) لە ھەرێمی کوردستان، رێکخراوی (گەنجانی بوێر) بە پاڵپشتی رێکخراوی (NED)ی ئەمریکی و بەھاوکاری رێکخراوی (سورایا بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاند) گفتوگۆییەکی کراوەیان بۆ فرسەت سۆفی، ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی دەستوور و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ئەرک و مافی پێکھاتە و ئایینییەکان لە ناو پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان ڕێکخست.
لە گفتۆگۆکەدا بەشێوەییەکی تێروتەسەل باس لە ماف و ئەرکەکانی سەرجەم نەتەوە و ئایینەکانی کوردستان لە نووسینەوەی دەستوور کرا.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکەدا نوێنەری سەرجەم پێکھاتە و ئایینییەکان بەشداری گفتوگۆکەیان کرد و سەرجەمیان داواکاربوون مافەکانیان بپارێزرێت.
بەھادین کەمال، سەرپەرشتیاری رێکخراوی گەنجانی بوێر، لەوبارەوە رای گەیاند: "بەھۆی فرە پێکھاتەیی لە کوردستان، ئامانجمان ئەوەیە لە نووسینەوەی دەستووردا ھەموو پێکھاتەو ئایینییەکان ڕۆڵی خۆیان تیایدا ببینن و تەنیا بۆ لایەنێکی دیاریکراو نەبێ، بەڵکو بۆ ھەموو ئەو پێکھاتانەبێ کە لە کوردستان دان و ھاونیشتیمانین، بۆیە پێویستە مافی ئەوانەش نەخورێت و ئەوانیش خاوەن ئیرادە و ھەڵوێستی خۆیان بن".
سەرپەرشتیاری رێکخراوی گەنجانی بوێر، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمە دەیەمین گفتۆگۆیە کە لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا لەسەر دەستوور کراوە، ھەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدارن لە لێژنەی نووسینەوەی دەستووردا ئامادەی گفتوگۆکە دەبن".
ئانۆ جەوھەر عەبدۆکە، وەک بەشداربوویەکی کلدانی و ئاشوورییەکان لە گفتوگۆکەدا، باسی لەوە کرد کە
ھەموویان پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، چونکە بەشێکن لەھەرێمی کوردستان و دەڵێت: "ئێمەش وەکو ھەر نەتەوەییەکی دیکەی کوردستان، چەندان شەھیدمان لە سەرجەم شۆڕشەکانی کوردستان داوە، ھەر لە شۆڕشەکانی بارزانەوە تاکو ئێستاش، کەواتە سەربەخۆیی کوردستان سەربەخۆیی خۆمانە".
بەڵام جەختی لەوە کردەوە: "دەستوور ئەو بناغەیەیە کە سەرلەنوێ وڵاتی لەسەر بناد دەنرێتەوە، بۆیە بە تیڕوانینی ئێمە پێویستە دەستووری کوردستان دەستوورێکی عەلمانی مەدەنیانە بێت، پیویستە شەراکەتێکی ڕاستەقینە ھەبێ بۆ گشت پێکھاتەکان لە دامودەزگاکانی حکومەت و بڕیاری سیاسی لە کوردستاندا".
لای خۆشییەوە ئاوات حیسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گوتی: "لە کوردستاندا کەمە نەتەوایەتی نەماوە، ڕاستە پێشتر دەگوترا کەمینە بەڵام ئێستا ئەڵێن نەتەوە، کەواتە مافیان پارێزراوە و نوێنەریان لەناو حیزب و حکوومەتدا ھەیە، بەڵام پێویستە حکوومەت پشتگیری بکات و کاریشی بۆ بکات ئێمە گەشبینین کە لە کوردستاندا بەتەواوی مافەکانمان دەگەین، ئەمەش خەونی ھەموو زەردەشتییەکان بوو کە نوێنەریان ھەبێت".
فەرھاد کاکەیی، نوێنەری کاکەییەکان لە تۆڕی پێکھاتەکانی کوردستان، رایگەیاند: "ئەم جۆرە گفتوگۆیانە شتی باشن، چونکە دەگەینە ئەنجامێک، ئەوەی لە سەرکردایەتیی کوردیدا دەیبینین کە زۆر جدین لەوەی مافی مرۆڤ و ئایین و نەتەوەکان ھەبێت، بەڵام بوونی یاساکە کێشە نییە، بەڵکو جێبەجێکردنەکەی کێشەیە ئەگەر نەکرێت، ئێمە ئەو ئیرادەیە لە کوردستان دەبینین کە دەیانەوێت مافی ھەموو کەسێک بدات".
گوتیشی: "دەمانەوێت کوردستان وڵاتی ھەموومان بێ، ڕاستە ئیسلام زۆرینەن، با مافی ئەوان پێش ئێمە بێت، بەڵام مافی ھەموو نەتەوەو ئاینێک بدرێت، کەس لەسەر کەس زاڵ نەکرێت و ھەموومان لەیەک ئاست بین".
سەبارەت بە ھەڵوێستی کاکەییەکان دەربارەی پڕۆسەی ڕیفراندرم لە کوردستان، فەرھاد کاکەیی، جەختی لەوە کردەوە: "ھەموو کاکەییەکان لەگەڵ ریفراندرم و سەربەخۆیی کوردستانن".
باسنیوز
