حدکا شەهیدبوونی هەشت پێشمەرگەی خۆی پشتڕاست کردەوە
ماڵپەڕی (کوردستان میدیا) بڵاوی کردووەتەوە، مستەفا هیجری سکیرێری گشتیی حدکا، ئەمڕۆ شەممە 2017/7/15 پاش زیاتر لە یەک ساڵ و ناڕوونی چارەنووسی هەشت پێشمەرگەی ئەو حزبە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بنەماڵەکانیان، شەهیدبوونیانی پشتڕاست کردەوە.
لەو هەواڵەدا هاتووە "پاش شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە حەماسەی "قەرەسەقەڵ" و "کۆساڵان" کە ساڵی ڕابردووی هەتاوی ڕوویان دا پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب چارەنووسیان بە ناڕوونی مایەوە؛ مەخابن پاش بەدواداچوونی ورد و چاوەڕوانییەكی زۆری حیزب و خەڵکی ناوچە و ئەندامانی تەشکیلاتی نێوخۆ، هیچ ئاسەوارێک لەو هاوسەنگەرانەمان نەبینرایەوە و دەركەوت ئەو هاوڕێیانە لە ئاگری ڕق و قینی بێبەزەییانەی دوژمندا شەهید بوون".
شەهیدەکانی دیموکرات بریتین لە "بێهزاد پیرۆتی کوڕی حوسێن و عەلی مەحموودی ناسراو بە "شەماڵ" كوڕی كەریم لە شەڕی قەرەسەقەڵ؛ هەروەها مەهدی شێخی کوڕی حەمەخان، ئەفشار سوورەبوومەیی كوڕی مەحموود، بەرزان حوسێنی كوڕی عوسمان، ڕوحوڵڵا حەیدەری كوڕی محەممەد، ساحێب حوسینی كوڕی عەزیز و هیوا قوربانی كوڕی حەسەن لە شەڕی کۆساڵان".
ڕێکەوتی 2016/6/15 پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات لە گوندی (قەرەسەقەل)ی سەر بە شنۆ لەگەڵ سوپاسی پاسداران دەرگیر بوون کە ئەوکات شەش پێشمەرگە لەو ڕووداوەدا شەهید بوون و دوو پێشمەرگەش بێسەروشوێن بوون".
بەپێی سەرچاوە و میدیاکانی حدکا جارێکی دیکە لە دوو ڕێکەوتی 2016/6/25 و 2016/7//10پۆلێک لە پێشمەرگە پێشمەرگەکانی ئەو حزبە لە گوندەکانیی (دووڕوو)ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە شاخی کۆساڵان و نزیک گوندی (بۆڕیەر) لە ژاوەرۆ لەگەڵ سوپای پاسداران دەرگیر بوون و تێیدا پێنج پێشمەرگەی دیموکرات شەهید و چارەنووسی شەش کەسیان هەتا ئەمڕۆ دیار نەبووە و پاشان دەرکەوتووە کە هەر لەو ڕووداوانەدا شەهید بوون.
سەرچاوەکانی حزبی دیموکرات ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو چەند ڕووداوەدا لە قەرەسەقەل و کۆساڵان بە دەیان چەکداری سوپای پاسدارانیش کوژراون.
باسنيوز
