نوێنەری یەکگرتوو لە کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم: پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم شاندی هەرێم ناچێتە بەغدا
محەمەد ھاودیانی، ئەندامی شاندی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ئەورووپا، ڕایگەیاند: "سەردانیکردنی شاندەکان بۆ بەغدا و وڵاتانی ھەرێمی و عەرەبی، پەیوەستە بە کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆمەوە، ھەروەھا لە دانیشتنی داھاتوودا بڕیار لەسەر کاتی ڕۆشتنی ئەو شاندانە دەدرێت".
ئەو ئەندامەی شاندی باڵای ڕیفراندۆم ڕوونی کردەوە: ”بە بۆچوونی من و بە پێی ئەو تێڕوانین و تێگەیشتنەی من، شاندی گفتۆگۆی ھەرێمی کوردستان لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم سەردانی بەغدا دەکەن، نەک لە پێش پرۆسەکە“.
محەمەد ھاودیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پێشوازیکردنی وڵاتانی ئەورووپی بۆ شاندەکەی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی ئەرێنی بووە، هەرێمی(فلاندەس)یش بڕیاری داوە کە چاودێر بۆ پرۆسەکە بنێرێت، ھەروەھا وڵاتانی ئەورووپی لەسەر کۆمەڵێک پەیمانی نێودەوڵەتیی تایبەت بە مافی گەلان و مافی مرۆڤ و بنەماکانی دیموکراسی واژۆیان کردووە و ڕێککەوتوون، بۆیە ھەر پرسێک بەو ڕێکارانەدا بڕوات، ئەوان دژی نابن“.
باسنیوز
