بەرپرسێكی پارتی: دۆخی ئەمنیی قەرەتەپە ئاڵۆزە
كەمال ئیبراهیم، بەرپرسی ناوچەی قەرەتەپەی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "بەهۆی هاتنی زیاتر لە 300 چەكداری داعش بۆ سنووری حەمرین، دۆخی ئەمنیی ناوچەكە ئاڵۆز بووە، ئەمانەش بەهۆی دروستبوونی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە كە ماوەیەكە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكاندا دروست بووە".
پێشتر لێژنەیەك لەلایەن فەرماندەی هێزەكانی دیجەلەوە سەردانی سنووری قەرەتەپە كرا، دوای پشكنین و گەڕان ئەو خاڵانەیان دەستنیشان كرد كە پێویستە بنكەی تێدا دابنرێت، ئەو بەرپرسەی پارتی هێمای بۆ ئەوەش كرد "تەنیا پشكنینیان كردووە، تا ئێستا هیچ پشتێنەیەكی ئەمنی بۆ ناوچەكە دروست نەكراوە".
دەشڵێت، هێزە عێراقییەكان و چەكدارانی حەشدی شەعبی پرسیاریان لەسەر دروست بووە، بوونەتە جێگای گومان، چونكە ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییكان دان، داعش تێیدا دزە دەكات.
ڕۆژی 14.7.2017 بەهۆی بۆمبێكی چێنراوەوە لە گوندی (عەلی سرای)ی سەر بە شارەدێی قەرەتەپە، ژن و پیاوێك بە سەختی بریندار بوون.
باسنیوز
