نوجەیفی داوای چارەنووسی هەزاران هاووڵاتی شوێنبزری سونە لە عەبادی دەكات
ئوسامە نوجەیفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی هێزە سونەكان، داوای لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە چارەنووسی هەزاران هاووڵاتی شوێنبزری سونە رابگەیەنێت.
نوجەیفی لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، داوای لە حەیدەر عەبادی كردووە، بە زووترین كات ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە چارەنووسی هەزاران شوێنبزری سونە ئاشكرا بكات و ئەوانەی لە پشت رووداوەكانیش بداتە دادگا.
نوجەیفی راشیگەیاند كە بۆ ئەوەی ئاشتی كۆمەڵایەتی بەدی بێت و وڵات سەقامگیر بێت، دەبێت چارەنووسی سەدان هاووڵاتی سونە مەزهەب كە لەلایەن گروپە توندڕەوەكانەوە شوێنبزر كراون، ئاشكرا بكرێ و ئەنجامدەرانیش بە سزای خۆیان بگەیەنرێن.
جێگری سەرۆك كۆماری عێراق روونی كردەوە كە هەزار هاووڵاتی سڤیل لە گرتوخانەكانی عێراقدان بە تایبەتی لە ناوچەكانی پارێزگای بابل، بێ ئەوەی دادگایی بكرێن، راگیراون، پێویستە سەرجەمیان ئازاد بكرێن.
سەركردە سونەكانی عێراق، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەوە تۆمەتبار دەكەن كە وەك تۆڵەسەندنەوە سەدان هاووڵاتی سونەیان كوشتووە و شوێنبزریان كردوون و هەزارانی دیكەش لە گرتوخانەكاندان بێ ئەوەی هیچ تۆمەتێكیان بەسەردا ساخ كرابێتەوە.
bas news-
