وەزیری پەروەردەی داعش لە داقوق دەستگیر کرا
ئەمڕۆ هەینی پۆلیسی داقوق وەزیری پەروەردەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی دەستگیر كرد، كە ژنێكی تیرۆریستە، ھاوسەرەکەشی فەرماندەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بووە.
پۆلیسی داقووق سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند "ھێزەکانی پۆلیس توانیان لە نێو کەمپی ئاوارەکانی ئەو سنوورە ژنێک دەستگیر بکەن، کە وەزیری پەروەردەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بووە".
سەعدون جابر ئەو پۆلیسەیە كە وەزیرەكەی داعشی دەستگیر کردووە، بۆ میدیاکان ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ھەینی لەلایەن دانیشتوانی کەمپی ئاوارەکانی داقوقەوە ئاگەدار کراینەوە کە ئافرەتێک هاتووەتە ناو کەمپەکەوە، دوای دەستگیرکردنی ئەو ژنە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا، دانی بەوە داناوە کە ماوەی دوو ساڵە لەنێو ڕیزەکانی داعش کاری کردووە و وەزیری پەروەردەی داعش بووە".
گوتیشی "ئەو ژنە ناوی تەغريدە عەبدوڵایە وەزیری پەروەردەی داعشە، ھەروەھا لە ساڵی 2015 هاوسەرەکەشی پەیوەندی بە ڕیزەکانی داعشەوە کردووە و یەکێکە لە سەرکردەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەكە و ئێستە ھاوسەری ئەو ژنە لە حەویجەیە".
پێشتر عەقيد فەرهاد فازڵ بەرپرسی بنكەی كورستانی ئاسايشی كەركووك ڕاگەياندبوو "بەھۆی هاتنى ئاوارەیەکی زۆرەوە، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شانەى نوستوو دەخزێنێتە نێو ئاوارەکانەوە، بەڵام خۆشبەخانە بە ھەوڵ و ماندووبوونى كارمەندانى پۆليس و ئاسايشى شارى كەركووك، ئەو كەسانە دەستگير دەكرێن و دواتر ڕەوانەى دادگا دەکرێن".
bas news-
