ئادەم گەڤەری: جیهان خۆی بەقەرزای هەرێمی کوردستان دەزانێ

 	 ئادەم گەڤەری: جیهان خۆی بەقەرزای هەرێمی کوردستان دەزانێ
ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە لیستی هەدەپە (ئادەم گەڤەری) دەڵێ، لە ئێستادا جیهان خۆی بە قەرزاری هەرێمی کوردستان دەزانێ و پێشوەختەیش دیارە کە ریفراندۆم لە باشووری کوردستاندا سەرکەوتن بەدەست دێنێ.

سەبارەت بە پشتیوانی پەرلەمانی ئەورووپا لە پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لە لیستی هەدەپە (ئادەم گەڤەری) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەردانی شاندی باڵای ریفرامدۆمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێنا و پەیامی کورددیان گەیاند، دەخوازین هەموو جیهان ئیدی لەو پەیامەی کورددا بگات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) لە پەیامیدا لە پەرلەمانی ئەورووپا رایگەیاند کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ٣٠ هەزار کیلۆمەتری لە دەستی داعشدا رزگار کردووە و ئوستوورەی داعشی شکاند، لە وەڵامیشدا پەرلەمانتارانی ئەورووپایی خۆیان بە قەرزاری هەرێمی کوردستان زانی، لەوبارەیەوە (گەڤەری) دەڵێ، نەوەک هەر تەنیا ئەورووپا هەموو جیهان خۆی بە قەرزاری هەرێمی کوردستان دەزانێ، چونکە کورد بە نوێنەرایەتی هەموو جیهان شەڕی تیرۆری کرد و سەرکەوتنیشی بەدەست هێنا.
(ئادەم گەڤەری) باوەڕی وایە کە ریفراندۆم لە باشووری کوردستاندا سەرکەوتنی گەورە بەدەستدێنێ، هەروەها بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئاینییشی دەزانێ کە هەموو کوردێک پشتیوانی لەو ریفراندۆمەدا بکات. دەشڵێ، ئێستا نۆرەی ئەمەریکا و رووسیا و وڵاتانی دیکەیە بۆ ئەوەی پاڵپشتی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بکەن.
kdp-
Top