هیوا سەیدسەلیم: بەبێ ڕیفراندۆم لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان دام

 هیوا سەیدسەلیم: بەبێ ڕیفراندۆم لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان دام
سه‌ركرده‌یه‌كی حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان، له‌ باره‌ى پرسی ڕیفراندۆمه‌وه‌، دووپاتی دەکاتەوە که‌ به‌ بێ ڕیفراندۆمیش له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌.

هیوا سه‌یدسه‌لیم، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، له‌ پێگه‌ى تایبه‌تیى خۆى له‌ تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فه‌یسبووك) نووسیویه‌تى: "ئەو فەزا سیاسییە نا تەندروستەی كوردستان رێگا نادات كە قەناعەتی خۆت بڵێیت و بنووسی، لە هەرێمی كوردستان دەمێكە دووبەرەكییەكی سیاسی درووست بووە، رای خۆت بدەی بەدڵنیاییه‌وه‌ دەخرێیتە خانەی یەكێكیان".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی حزبى زه‌حمه‌تكێشان، ڕای دەگەیەنێت: "بەبێ ڕیفراندۆمیش لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانم، ئاخر ئەو عێراقە چ خێری بۆ ئێمەی كورد هەبووە و دەبێت تا لەگه‌ڵ مانەوە لە عێراقدا بین، بەڵام ئەوانەی ڕیكلام بۆ ڕیفراندۆم دەكەن، هێندە پرسەكەیان بە حزبی كردووە، زۆر جار خەریكە بە چەچە بڤە لەو پرسە نزیك دەبینەوە، ئەمە ویرای تێكەڵاوكردنی پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لەگەڵ هەندێك داوا و داخوازی ڕەوای خەڵك".

هه‌روه‌ها له‌ خاڵێكى دیكه‌ى نووسینه‌كه‌یدا، جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ یەكڕیزی و تەبایی زامنی سەركەوتنی ڕیفراندۆم دەكات.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات كه‌ داوا و داخوازییەكانی خەڵك ڕەوان و حكوومەت بە بێ پرسی ڕیفراندۆمیش دەبوو هەنگاو بۆ چارەسەری ئەو داخوازییانە بنێت كە نەیناوە.

هیوا سەیدسەلیم نووسیویه‌تى: "نابێت پیرۆزیی سەربەخۆیی كوردستان بكرێتە قوربانیی ناشیرنییەكانی حوكمڕانی لە كوردستان".

لە كۆتاییدا دەڵێت: "بەڵێ بۆ سەربۆخۆیی كوردستان تا تاكی كورد بتوانێت بە مافە مەدەنی و دەستوورییەكانی شەڕی گەندەڵی و ناعەدالەتی بکات و ماف و ئازادییەكانی خۆی بەدەست بێنێت كە ئێستا نییەتی".












باسنيوز
Top