عەسكەری: كورد لە كەركووك لەبارەی ریفراندۆمەوە یەكدەنگە

 عەسكەری: كورد لە كەركووك لەبارەی ریفراندۆمەوە یەكدەنگە
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، پرۆسەی ریفراندۆم لە كەركووك، سەركەوتوو دەبێت، چونكە لە كەركووك ھێزە ئەمنییەكان بەسەر شارەكەدا زاڵن و كوردیش یەكدەنگە.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لیستی برایەتی (ئەحمەد عەسكەری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆم لە شاری كەركووك، سەركەوتوو دەبێت، چونكە ھێزە ئەمنییەكان لەو شارەدا زۆر زاڵن و كوردیش ھیچ كێشەیەكی نییە و لەسەر ئەو پرسە یەكدەنگە، هەروەها دامودەزگاكانیش بێ كێشەن و بە ئارامی و بێ گرفت پرۆسەكە بەڕێوە دەچێت".

(عەسكەری) گوتیشی، "لە سنووری پارێزگای كەركووك پێكھاتەكانی دیكە جگە لە كورد، لەبارەی پرۆسەی ریفراندۆمەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوونە، ھەندێك لەوانە داواكارییان ھەیە و پێویستە بۆیان جێبەجێ بكرێت و، ھەندێكیش ھەر لە سەرەتاوە بڕیاری ئەوەیان داوە رەتی بكەنەوە، چونكە ئەمانە ئاڕاستە دەكرێن، بۆیە بە ھیچ شتێك رازی نابن".

(ئەحمەد عەسكەری) ده‌شڵێ، ئەگەر پێش رزگاركردنی حەویجە پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، زۆرینەی خەڵكی دەنگ بە (بەڵێ) دەدەن، چونكە خەڵكی ئەو ناوچەیە ھەمووی داعش و كۆنەبەعسی و نەتەوەپەرستن.

بڕیارە ٢٥/٩ـی ئەمساڵ پرۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەڕێوە بچێت.
kdp-
Top