مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پابەندبوونی خۆی بە ڕیفراندۆم دووپات دەکاتەوە

 مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پابەندبوونی خۆی بە ڕیفراندۆم دووپات دەکاتەوە
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پابەندبوونی خۆی بۆ پرسی ڕیفراندۆم دووپات کردەوە و ئەوەی ڕاگەیاند کە شاندێک بۆ سەردانیکردنی پارتی دیموکراتیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان پێک دەهێنن.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە لە ماڵپەڕی فەرمیی ئەو حزبە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/7/2017، بە سەرپەرشتیی کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە لە سلێمانی ئەنجام دراوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا دۆخی كوردستان‌ و عێراق ‌و سەركەوتن بەسەر داعش ‌و پێشهاتەكانی دیکەی ناوچەكە تاوتوێ كراون و بڕیاریش لەسەر دوو خاڵ دراوە کە ئەمانەن:

یەكەم/ یەكێتی پابەندی ریفراندۆمە بەپێی ناوەڕۆکی دوا كۆبوونەوی ئەنجومەنی سەركردایەتی، پێداگری دەكات لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان‌ و دەركردنی یاسای ڕیفراندۆم.

دووەم/ شاندێک پێكهێنرا بۆ سەردانیكردنی پارتی دیموكراتیی كوردستان ‌و بزووتنەوەی گۆڕان، بە مەبەستی ئاگاداركردنەوەیان لە سەردانی وەفدی یەكێتی بۆ دەوڵەتانی ئیقلیمی بە ئامانجی گفتوگۆكردن لەبارەی ڕیفراندۆم‌ و دۆخی ئابووری‌ و كێشەی گرتنەوەی ئاوی زێ و ڕووبارەكان‌ و هەندێ‌ پڕۆژەی بازرگانی‌ و ئابووری كە بڕیاربوو لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێ بەجێ‌ بكرێ‌.











باسنيوز
Top