دوو کچی کوردی ئێزدی لە مووسڵ رزگار کران

 دوو کچی کوردی ئێزدی لە مووسڵ رزگار کران
دوو کچی کوردی ئێزدی لە بەری رۆژئاوا (راست)ی شاری مووسڵ لەژێر دەسەڵاتی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش رزگار کران.



وەک ئەو دوو کچە لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا رایدەگەیەنن، سامیە زمێل عومەر،کچێکی کوردی ئێزدییە و خەڵکی ناوچەی تلقەسەبە لە سنووری شنگال، هەروەها ئەمینە قاسم خەلەف مەحما، کچێکی ئێزدیی خەڵکی ناوچەی دۆمیز لە سنووری شنگال.



هێزە عێراقییەکان ئەو دوو کچەیان لە ناوچەی ئەلمەیدان لە مووسڵی کۆن لە بەری رۆژئاوای مووسڵ رزگار کراون، دوای سێ ساڵ مانەوە لەژێر دەسەڵاتی داعش.



سامیە زمێل عومەر بە هێزە عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە لەو سێ ساڵەدا، پێنج جار فرۆشراوە و ئەمینە قاسم خەلەف مەحماش براوەتە سووریا و لەژێر دەستی چەکدارێکی عێراقیی داعشدا بووە.



یەکێک لە سەربازە عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکات، کە لە میانی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی ئەلمەیدان، داعش 10 کچی ئێزدی لەو ناوچەیە کوشتووە.



چەکدارانی داعش لە مانگی ئابی 2014، سەدان ژن و کچی کوردی ئێزدییان رفاند و بە بیانووی موسڵمان نەبوونیان، وەک کاڵایەک مامەڵەیان لەگەڵ دەکردن.



داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکیدا، زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباری داگیر کرد.
bas news-
Top