ئەندامێکی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی: پێویستە گەورە و بچووک خۆی بەخاوەنی ڕیفراندۆم بزانێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات کە کە پڕۆسەی ڕیفراندۆم، یەکێکە لە پرسە نیشتمانیەکان کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دەدرێت، پێویستە گەورە و بچووک پێشوازی لەو پڕۆسەیە بکات.
ئەکرەم شەریف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەلێدوانێکدا ڕاگەیاند: "باوەڕ ناکەم ھیچ کوردێک ھەبێت لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆی وڵاتەکەی نەبێت، بێگومان خودی خۆم لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدام، بەڵام بەڕێکاری یاسایی و چارەسەرکردنی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە ئێستا بوونی ھەیە، بەتایبەتی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، چونکە ڕیفراندۆم پێویستی بە یەکڕیزی تەواوی ھێزە کوردستانییەکان ھەیە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوشی خستەڕوو: "بەباشی دەزانم کۆدەنگی کوردستانی و نیشتمانی بۆ پرسی ڕیفراندۆم ھەبێت، بۆئەوەی ڕیفراندۆم بە پڕۆسەیەکی یاسایی ئەنجام بدرێت، ھەروەھا ئەو ڕیفراندۆمە ناسنامەی ھیچ پارتێکی سیاسی پێوە نەبێت، تەنھا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەبێت، چونکە ئەم پرسە پەیوەندی بە تەواوی خەڵکی کوردستانەوە ھەیە".
ئاشکراشی کرد: "بەدرێژای مێژوو گەلی کورد خەباتی جۆراوجۆری بۆ سەربەخۆی کوردستان کردووە، لە خەباتی چەکدارارییەوە تادەگاتە خەباتی مەدەنی و یاسایی، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەھاتووە ئەو پرسە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەشێوەیەکی یاسایی بۆئەوەی باشتر پشتیوانی وڵاتانی ئیقلیمی بەدوای خۆیدا بھێنێت".
ئەکرەم شەریف، گوتیشی: "لەو ڕۆژەوەی لەدایک بووم گەشبین بووم بەوەی کورد ڕۆژێک لە ڕۆژان دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ، دواجار ئەوە مافێکی سروشتی ھەموو ھاونیشتمانییەکە لەگەڵ ئەوەشدا ڕیفراندۆم پڕۆسەیەکی چارەنووسسازە، پێویستە گەورە و بچووک خۆی بە خاوەنی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بزانێت.
bas news-
