جەعفەر شێخ مسته‌فا : کار دەکرێت بۆ ئەوەى جەلەولا و سەعدیە بخرێنە چوارچێوەى پرۆسەکانى هاوپەیمانانەوە

جەعفەر شێخ مسته‌فا : کار دەکرێت بۆ ئەوەى جەلەولا و سەعدیە بخرێنە چوارچێوەى پرۆسەکانى هاوپەیمانانەوە


هێزەکانى هاوپەیمانان بەڵێنیان داوه‌، لە حاڵەتى جموجۆڵى چەکدارانى داعش بە ئاڕاستەى کەرکووک و ناوچە كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ ژێر دەسەڵاتى هێزى پێشمەرگەن، گورزى ئاسمانى زیاتر لە چه‌كدارانى ئه‌و ڕێكخراوه‌ بوه‌شێنن.

رۆژى یەکشەممەى ڕابردوو بەرپرسانى پێشمەرگە لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیماناندا کۆبونەوە و گفتوگۆیان لەبارەى جموجۆڵە فراوانەکانى داعش لە دەوروبەرى کەرکووک و خورماتوو و ناوچە كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ سنوورى پارێزگاى دیالە کرد.

جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەى گشتى هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ بەشداربووانى کۆبوونەوەکە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند " هێزەکانى هاوپەیمانان بەڵێنیان پێداین لە حاڵەتى هێرشى داعشدا، پشتیوانى پێشمەرگە بکەن".

گوتیشى :" هەڕەشەى زۆر لەسەر شارى کەرکووک و جەلەولا و خانەقین هەیە، هاوپەیمانان بەڵێنیان دا لەکاتى پێویستدا بێنە خەت بۆ پشتیوانیى پێشمەرگە و پێشمەرگەش هەمیشە لەحاڵەتى ئامادەباشیدایە."

سەبارەت بەوەى داعش تاچەند پیلانى ئەنجامى هێرشى فراوانى هەیە، جەعفەر شێخ مستەفا،گوتى :" داعش هەمیشە جێى مەترسى بووە، بۆیە پیلانى هەیە لەناردنى خۆکوژەوە تا دەگاتە هێرشى فراوان ، بەڵام پێشمەرگە بۆ بەرپەرچدانەوەیان ئامادەیە".

بەپێى زانیاریە هەواڵگیرییەکان، نزیکەى 600 چەکدارى داعش لەناوچە کوردستانییەكانى ده‌ره‌وه‌ ئیداره‌ى هه‌رێمن و له‌ سنوورى پارێزگاى دیالە کۆبوونەتەوە، زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ پیلانى هێرشییان بۆ سەر هەندێک ناوچە داڕشتووە، لەکاتێکدا لەساڵى 2014 ەوە ئەو ناوچانە لەدەرەوەى پرۆسە سەربازییەکانى هاوپەیمانانە و هێرشیان تێدا ئەنجام نەداوە.

لەوبارەیەوە فەرماندەى هێزەکانى 70 ى پێشمەرگە، گوتى :" کار لەسەر ئەوە دەکرێت جەلەولا و سەعدییەش بخرێنە چوارچێوەى پرۆسە سەربازییەکانى هاوپەیمانانەوە."

هەرچەندە زانیاریەکان باس لەوە دەکەن، كه‌ شەڕى حەویجە بۆ دواى شەڕى تەلەعفەرى پارێزگاى نەینەوا دواخراوە، بەڵام بەپێى گوتەى جەعفەر شێخ مستەفا، بڕیار دراوە وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگرى عێراق بەهەماهەنگى لەگەڵ ئیدارەى کەرکووک و هاوپەیمانان پلانى شەڕى حەویجە دابڕێژنه‌وه‌.

bas news-
Top