دادگای فیدراڵی داوای چوار فراکسیۆنی کوردی دەربارەی بەشە بوودجەی ھەرێم ڕەت کردەوە
(د. عەرەفات کەرەم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە سەرەتا داوامان کرد کە ئەو بوودجەیە لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان نییە و دەنگی پێ نەدەن، بەڵام ئەوان گوێیان لە ئێمە نەگرت و دواتر کە دیتیان لە بەرژوەندیی ھەرێم نییە، سکاڵایان تۆمار کرد و ئەمڕۆش دادگا سکاڵاکەی ئەوانی ڕەت کردەوە و داواکەیان ھیچ ئاکامێکی نەبوو، دیار بوو تەنیا بۆ موزایەدەی سیاسی بوو.''
(کەرەم) ڕوونی کردەوە: ''ئێستا بوودجەی تەواوکاری (تکمیلی) ھاتووە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت، ئەوان ھاتوونە سەر ڕای ئێمە و باس لەوە دەکەن، کە دەنگ بەو بوودجەیە نادەین و لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان نییە، کەچی پێویست بوو سەرەتا دەنگیان بە بوودجە نەدابووایە، نەک ئێستا کە ھیچ سوودێکی نییە.''
(کەرەم) گوتی: ''پێویستە خەڵکی کوردستان ئەوە بزانێت، کە ئێمە دەنگمان بەو بوودجەیە نەدا و دەمان زانی کە لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان نییە، ئێستاش دادگای فیدراڵی داواکەی ئەو چوار فراکسیۆنەی ڕەت کردەوە.''
ئەمەش لەکاتێکدایە، جگە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەرچوار فراکسیۆنە کوردەکەی دیکەی پەرلەمانی عێراق دەنگیان بە یاسای بوودجەی ٢٠١٧ دا و باسیان لەوە کرد، بۆیە دەنگیان پێ داوە، چونکە لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان بووە، دواتر حکوومەتی عێراق تانەی لە چەند ماددەیەک دا و فراکسیۆنە کوردەکانیش سکاڵایان لەسەر حکوومەت تۆمار کرد، لەوەی بەشە بوودجەی ھەرێم ڕەوانە ناکات، بەڵام دادگا سکاڵاکەی ئەوانی ڕەت کردەوە.
kdp-
