راگەیەندراوی زانایانی ئیسلامی لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە

 راگەیەندراوی زانایانی ئیسلامی لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان راگەیەندراوێک لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، بڵاو دەکاتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، هاتووە، رۆژی چوارشەممە 12.7.2017، ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتییەکە کۆ بووەتەوە و تێیدا باسی باسیان لە دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە و وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بەرامبەر دووکردنەوەی داعش لە کوردستان، ئەنجامانی ئەنجومەنەکە ستایشی قارەمانێتیی پێشمەرگەیان کردووە و سڵاویان بۆ گیانی شەهیدان ناردووە.

ئەنخومەنی ناوەندیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بە ”مافێکی رەوای ئایینی، نەتەوەیی، نیشتمانیی و مرۆیی“ گەلی کوردستان دەزانێت و پشتیوانیی بۆ پرۆسەکە دەردەبڕێت.

هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان داوا لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات ”ئاشتبوونەوەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتیی و نیشتمانی“ ساز بکەن و ناکۆکییەکان لە نێوانیان نەهێڵن و ئەمەش بە هۆکاری ”سەرکەوتن“ی پرۆسەکە دادەنێت.

پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.












باسنیوز
Top