پەرلەمانتارێکی ئەوروپا: بارزانی وتارێکی مێژوویی پێشکەش کرد
چارلس تانۆک، پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی بەریتانی لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا و سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانەکە، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە، ”شەرەفێکی گەورەیە بۆ من“، کە میوانداریی چالاکییەکەی پەرلەمانی کردووە.
چارلس تانۆک هەروەها رایگەیاند، کە لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا ”بایەخێکی گەورە“ بە پرسی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەدرێ.
سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستانی کوردستان لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی وتارەکەی مەسعود بارزانی،سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لە پەرلەمانەکە، رایگەیاندووە، بارزانی ”وتارێکی مێژوویی“ پێشکەش کرد.
رۆژی سێشەممە 11.7.2017، مەسعود بارزانی وتارێکی لەسەر داوای وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە پەرلەمانی یەکێتییەکە پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان کردەوە و داوای هاوکاریی لە وڵاتانی یەکێتییەکە کرد.
پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
رۆژی دووشەممە 10.7.2017، مەسعود بارزانی بە یاوەریی شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم سەردانیئەوروپای کرد و بڕیارە لەسەر داوای وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، وتارێک لە پەرلەمانی یەکێتییەکە لە برۆکسل، پێشکەش بکات.
باسنيوز
