دیندار زێباری: کەس بە زۆرە ملێ لە کوردستان دەرناکرێت
دیندار زێباری لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی هیومان ڕایتس وۆچدا کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە ناونیشانی (هەرێمی کوردستان: دەرکردنی خانەوادەی جەنگاوەرە ئێزیدییەکان) بڵاویکردەوە وتی "حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی تایبەتی داناوە بۆ دامەزراندنی یەکە سەربازییەکان کە پێویستە لە چوارچێوە و بەپێی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن".
ئاماژەی بەوەش کرد، پەیوەندیکردن بە هەر هێزێکی چەکداری یان میلیشیا لە دەرەوەی یاساکانی وەزارەتی پێشمەرگە مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێم و پێشمەرگە دژی دەوەستێتەوە.
هێمای بۆ ئەوەش کرد، حکومەتی هەرێم جیاوازی لە نێوان دانیشتووانەکاندا ناکات لەسەر بنەمای ئایین یان نەتەوە یان نەژاد و لەم رووەوە ئێزیدییەکان یان هەر پێکهاتەیەکی دیکە ناچار نەکراون کە بە زۆری پشتگیری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان یان لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بکەن.
ناوبراو دەشڵێت، حکومەتی هەرێم هەمیشە هاوکاری و پشتگیریی ئێزدییەکانی کردووە لە شەڕی دژی داعش کە شان بەشانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بجەنگن و بەشداری بکەن لە بەرگریکردن لە خاکی خۆیان.
لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا زێباری ئاماژە بەوە دەکات، جگە لە هێزی ئێزدییەکان لەسەر داواکاری عەرەبەکانی ناوچەکە بەتایبەتی لە رۆژئاوای موسڵ، وەزارەتی پێشمەرگە لیوایەکی تایبەتی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دامەزراندووە بەناوی لیوای (رۆژئاوای دیجلە) کە گشت پێدوایستییەکانیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ دابین دەکرێت و لە (٢٠٠٠) کەس پێکدێت کە خەڵکی ناوچەکانی زوممار، رەبیعە، عەیازییە، و بەشێکیان خەڵکی شنگالن، ئەرکیان پاراستنی ناوچەکانیانە دوای کۆتایی هاتنی داعش و ڕێگاگرتن لە هەر هێرشێکی دیکەی هاوشێوەی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان.
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەش کرد، بەشێوەیەکی گشتی هاوکاری بۆ هاووڵاتییانى ناوچەکە کراوە لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی ناوچەکەوە، بەڵام لایەنە ئەمنییەکان گرفتیان هەیە لە کۆنتڕۆڵکردنی هاووڵاتیانی ناوچەکە بە گشتی، چونکە بەشێكيان بەپێی رێنماییەکانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ مامەڵە ناکەن و سەرپێچی یاسا و رێنماییەکان دەکەن.
ئەم وەڵامە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک خانەوادەی ئێزیدییان بەشێوەیەکی بە کۆمەڵ سزا داوە و بەرەو ناوچەی شنگال دەرکردووە کە هیچ خزمەتگوزارییەکی پێویستی ژیانی تێدا نییە بە بیانووی ئەوەی کە رۆڵەکانیان لە ریزەکانی حەشدی شەعبین و پێشتر پێیان راگەیاندوون ئەگەر رۆڵەکانیان نەگەڕێننەوە ئەوا ناچار دەبن ناوچەکە جێبهێڵن.
باسنيوز
