برازایەکی نەوشیروان مستەفا: میراتی باوکی هەژاران بەشی هەژارانی تێدا نەبوو

 برازایەکی نەوشیروان مستەفا: میراتی باوکی هەژاران بەشی هەژارانی تێدا نەبوو
برازایەکی نەوشیروان مستەفا ئەوەی دووپات کردەوە کە نەوشیروان مستەفا، دامەزراوەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانی بەناوی کوڕەکەیەوە کردووە.



ڕۆژنامەی (ئاوێنە) بڵاوی کردەوە کە خاوەندارێتیی کۆمپانیای وشە و پشکی 15%ی کارگەیەکی چیمەنتۆ، لە نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ چیای کوڕی گواستراوەتەوە. لەمبارەیەشەوە مەحموود ڕەزا، هەڵسووڕاوی گۆڕان و ئامۆزای نەوشیروان مستەفا ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕای گەیاندووە: ”نەوشیروان مستەفا دوو ساڵە پێشبینی کردووە کە تەمەنی ئەوەندە نەماوە، لەبەرئەوە خاوەندارێتییەکەی بۆ چیای کوڕی گواستووەتەوە”.



لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی پۆستی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن چیای کوڕی نەوشیروان مستەفا، ئەو هەڵسووڕاوەی گۆڕان ڕای گەیاندووە، هەردوو کوڕی نەوشیروان مستەفا (چیا و نما) مافی ئەوەیان هەیە پۆستی ڕێکخەری گشتییان پێ بدرێت. ئەوەشی گوتووە: ”چیا تەماعی وای نییە”.



دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاردانەوە دروست بووە و بەشێکیان باس لەوە دەکەن کە ”میراتی باوکی هەژاران، بەشی هەژارانی تێدا نەبوو“ و هەندێکی دیکەش جەخت لەوە دەکەنەوە کە تۆمارکردنی دامەزراوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن نەوشیروان مستەفاوە بۆ سەر ناوی کوڕەکەی، نیشانەی ئەوەیە کە گۆڕان تا کۆتایی لەژێر چاودێریی بنەماڵەی نەوشیروان مستەفادا بمێنێتەوە.










باسنيوز
Top