سەرۆکوەزیرانی فلاندەرز: هەرێمی کوردستان لانکەی دیموکراسی و ئاسایشە..رێز لە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەگرین

 	 سەرۆکوەزیرانی فلاندەرز: هەرێمی کوردستان لانکەی دیموکراسی و ئاسایشە..رێز لە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەگرین
دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز، سەرۆک بارزانی بۆ مێدیاکان رایگەیاند کە بەرپرسانی بەلژیکا چاودێر بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دەنێرن. سەرۆکوەزیرانی فلاندەرز رایگەیاند کە هەرێمی کوردستان لانکەی دیموکراسی و ئاساییشە و دەبێ رێز لە بڕیاری خەڵکی کوردستان بگرین کە چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن.

ئەمڕۆ شاندی باڵای ریفراندۆمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلژیکا پێشوازیان لێکرا و دواتریش پێوەست بە مووسڵ و ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
پێشوازی بەرپرسانی باڵای هەرێمی فلاندەرز لە شاندی کوردستان بە ئەتەکێتێکی دیپلۆماسی بەرز بوو و لە باڵەخانەی سەرۆکایەتی هەرێمی فلاندەرز لە پاڵ ئاڵای خۆیانەوە ئاڵای کوردستان هەڵدرا.

دوای ئەوەی کۆبوونەوەی نێوان شاندی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز کۆتایی هات، (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز وەڵامی پرسیاری مێدیاکانیان دایەوە و لە دەسپێکدا (سه‌رۆك بارزانی) رایگەیاند کە"كۆبوونه‌وه‌كه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوو بووه‌و ئه‌وانه‌ دۆستی ئێمه‌ن و كۆبوونه‌وه‌كه‌ دۆستانه‌ بووه‌و ئه‌وان دۆستی میلله‌تی ئیمه‌ن و ده‌توانن هاوكاریمان بكه‌ن و هه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شیان لێده‌كه‌ین له‌و پرۆسه‌یه‌دا هاوكاریمان بكه‌ن، بۆ چاودێریكردنی پرۆسه‌كه‌یش زۆر لایه‌ن ئاماده‌ن چاودێر بنێرن و ئه‌مانیش ده‌ینێرن".

ده‌رباره‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان به‌ ته‌نیا و به‌بێ ئاڵای عێراق، (سه‌رۆك بارزانی) سوپاسی هه‌ڵوێستی به‌لجیكای كردو گووتی" هه‌ڵوێستێكی زۆر دۆستانه‌یه‌".
ده‌رباره‌ی هاوكارییه‌كانی به‌لژیكا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند "به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هاوكاریكردن و جه‌نگی داعش كۆتایی نه‌هاتووه‌ و پێشتریش وه‌زیری به‌رگری به‌لژیكا ئاماده‌یی خۆیانی بۆ به‌رده‌وامییدان به‌ هاوكارییه‌كانیان ده‌ربڕیووه‌و به‌رده‌وام ده‌بن".

هەرێمی فلاندەرز ئاشنایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و هەروەک سەرۆکوەزیرانی ئەو هەرێمە بۆ مێدیاکان ئاماژەی دا، هەرێمی کوردستان زۆر گرینگە و لانکەی دیموکراسی و ئاساییشە؛ بۆیە دەبێ رێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگرین کە چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن.

(خێرت بۆرژوا)، سه‌رۆكوه‌زیرانی فلانده‌رز ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و هه‌ڵوێستی ئه‌وان گووتی"من پاڵپشتی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كم بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن و (سه‌رۆك بارزانی) رایگه‌یاندووه‌ له‌ 25 ی ئه‌یلوول ریفراندۆم ده‌كه‌ن و له‌ ساڵی 2005 له‌ ریفراندۆمێكی نافه‌رمیدا 98% به‌ به‌ڵی ده‌نگیان داوه‌و من پشتگیری هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسی ده‌كه‌م و ئه‌مجاره‌یان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێی هه‌ڵده‌سێت، ئێمه‌ ده‌بێت ریز له‌ بۆچوونی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بگرێن و پێویسته‌ هه‌موو كه‌سێك پشتگیری بكاتن، كوردستان پێگه‌یه‌كی ئارام و پێكه‌وه‌ ژیانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانه‌ و هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌قامگیره‌ و ئێمە پشتگیری ئه‌و ریفراندۆمه‌ ده‌كه‌ین و چاوه‌ڕێی حكوومه‌تی به‌لجیكاین چاودێر بۆ پرۆسه‌كه‌ بنیرێت".

گوتیشی، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەمان لەبارەی ریفراندۆم کردووە و دووپاتیشی دەکەینەوە کە دەبێ رێز لە ویستی خەڵکی کوردستان بگرین.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز بۆ مێدیاکان ئاماژی بە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان کرد کە هەرێمێکی دیموکراسییە و نوێنەری پێکهاتە ئاینییەکان لە نێو شاندی کوردستاندایە.
بڕیاریشە شاندی کوردستان هەر ئەمڕۆ سەردانی پەرلەمانی ئەورووپا بکەن و بابەتی ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەورووپا تاوتوو بکەن.
kdp-
Top