نێچیرڤان بارزانی به‌بۆنه‌ی ئازادكرنی مووسڵه‌وه پیرۆزبایی له عه‌بادی ده‌كات
ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكوه‌زیران:
جه‌نابى د. حه‌یده‌ر عه‌بادى،
سه‌رۆك وه‌زیرانى عیراقى فیدرال و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه چه‌كداره‌كان.
سڵاو و ڕێز..
به گه‌رمى پیرۆزباییى سه‌ركه‌وتنى ڕزگاركردنى مووسڵ له به‌ڕێزتان، هێزه‌كانى سوپاى عیراق و حه‌شدى شه‌عبى، ته‌واوى عیراقییه‌كان به‌گشتى و خه‌ڵكى مووسڵ و ناوچه ئازادكراوه‌كان به‌تایبه‌تى ده‌كه‌م. هیوادارم ئه‌م سه‌ركه‌وتنه و ڕزگاركردنى مووسڵ ببێته ده‌سپێكى قۆناغێكى تازه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژیان و ئاوه‌دانكردنه‌وه و ئاشتى و ئارامى بۆ خه‌ڵكى مووسڵ و ته‌واوى عیراق.
بێگومان ده‌ركردن و شكستى سه‌ربازیى تیرۆرستان له مووسڵ و ئازادكردنى كه له‌ژێر سه‌ركردایه‌تیى لێهاتووانه و به سه‌رپه‌رشتیى ڕاسته‌وخۆى جه‌نابتان ئه‌نجام درا سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌یه، به‌ڵام گرنگتر ئه‌وه‌یه كه له قۆناغى داهاتوودا كارى جددى بۆ ئه‌وه بكرێت بیرى داعش و ئه‌و هۆكارانه‌ى بوونه‌ته هۆى دروستبوونى داعش له ڕه‌گوڕیشه‌وه ههڵبكهنرێن و زه‌مینه‌ى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر نه‌هێڵدرێت، ئه‌وه‌ش به هاتنه‌كایه‌ى پرۆسه‌یه‌كى سیاسیى ته‌ندروست كه ته‌واوى پێكهاته‌كانى عیراق بگرێته خۆى، هه‌موان تیایدا هاوبه‌شى ڕاسته‌قینه بن و به مافه‌كانیان بگه‌ن.
كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازیى نێوان پێشمه‌رگه و سوپاى عیراق له ده‌سپێكى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى ڕزگاركردنى مووسڵ و ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌ریدا، ئه‌زموونێكى سه‌ركه‌وتوو بوو كه ده‌كرێت بكرێته بنه‌مایه‌ك بۆ كارى هاوبه‌شى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عیراق له هه‌موو ڕوویهكانى دیكه‌وه، به شێوه‌یه‌ك ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ عیراق و مافه ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان دابین بكات.
دووباره پیرۆزبایى سه‌ركه‌وتن له جه‌نابتان و ته‌واوى عیراقییه‌كان ده‌كه‌م.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.
١١/٧/٢٠١٧
kdp-
