سەرۆکی فراکسیۆنی کریستیانەکان: پەرلەمانتاری ئەورووپا چاودێری ریفراندۆمی هەرێم دەکەن

 	 سەرۆکی فراکسیۆنی کریستیانەکان: پەرلەمانتاری ئەورووپا چاودێری ریفراندۆمی هەرێم دەکەن
سەرۆکی فراکسیۆنی کریستیانەکان لە پەرلەمانی ئەورووپا رایگەیاند کە ئەوان پشگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەن و چاودێریش بۆ پرۆسەی ریفراندۆم دەنێرنە هەرێمی کوردستان. گوتیشی، کورد هاوکاری زۆری کریستیانەکانی کردووە و ئێستایش کاتی ئەوەیە کە ئێمەیش پشتگیری کورد بکەین.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندی باڵای ریفراندۆم بە سەرپەرستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل لەگەڵ بەرپرسانی بەلژیکا کۆ بوونەوە و کۆبوونەوەکان زۆر ئەرێنیی بوون، شاندی باڵای ریفراندۆمی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنی کریستیانەکان لە پەرلەمانی ئەورووپا کۆبوویەوە.

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی فراکسیۆنی کریستیانەکان لە پەرلەمانی ئەورووپا بۆ مێدیاکان رۆشنایی خستەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا باسی ریفراندۆم و داهاتووی کریستیانەکان لە عێراق کراوە.

ئاماژەیشی دا، لە ساڵی ٢٠١٦ سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و بەچاوی خۆی بینیویەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکاری کریستیانەکانی کردووە و، ئێستایش کاتی ئەوەیە کە ئەوان لە پەرلەمانی ئەورووپا پشتگیری لە کورد بکەن.

لە وەسفی کوردستانیشدا گوتی، هەرێمی کوردستان فاکتەری سەقامگیری ناوچەکەیە و نمونەیەکی جوانی دیموکراسییە لە ناوچەکەدا، دەبێ ئێمە ئەنجامی ریفراندۆم قەبووڵ بکەین.

سەرۆکی فراکسیۆنی کریستیانەکان راشیگەیاند، کە رێز لە رۆڵی پێشمەرگە دەگرن بەتایبەت لە تێکشکاندنی داعشدا و هەروەها ئەو پارێزگاریکردنی پێشمەرگە لە کریستیانەکانی کردووە و هاوکاریی کردوون، ئێمەیش دێینە کوردستان و چاودێری ریفراندۆم دەکەین.

لە کۆتاییشدا گوتی، هەرێمی کوردستان ئەو سیاسەتەی کە پێڕۆی دەکات لە بەرژەوەندی گەلانی ئەورووپادایە و بۆیە ئێمەیش پشتگیری لێ دەکەین.

kdp-
Top