دیپلۆماتکارێکی سوید: گرینگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان دەدەین
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 11/7/2017 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەنیکا مۆلین، باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد کە بەبۆنەی کۆتاییھاتنی کارەکەی وەک باڵیۆزی سوید لە عێراق و خوداحافیزی، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردبوو.
لە دیداکدا مۆلین سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران و حکوومەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکارییان لە کار و چالاکییەکانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەربڕی، ئاماژەی بەوە دا کە لەو ماوەیەدا لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە لە ھەموو بوارەکاندا ھاوکاری و ئاسانکاری پێشکەش کراوە، ھەروەھا ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی لەو ماوەیەدا لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی داون، بەرھەمدار و بەرز نرخاند.
ڕێز و سوپاسی خۆیشی پێشکەش بە خەڵک، حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستان کرد، کە لە کاتە سەختەکاندا ڕووبەڕووی ھەڕەشە و مەترسیی تیرۆرستانی داعش بوونەتەوە و ئەرکێکی قورسیان سەرکەوتوانە ئەنجام داوە، ھەروەھا دووپاتی کردەوە کە سوید گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەدات و ھیوای خواست ھەمان ھاوکاری و کارئاسانی بۆ باڵیۆزی جێگرەوەی خۆی بکرێت.
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەو سەردانەی کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ مۆلین لە پۆستە نوێکەی خواست و جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەولێر و ستۆکھۆڵم دەدات، بەردەوامیش دەبن لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندی و ھاوکاری و ھەماھەنگییە.
تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی پەیوەست بە عێراق و ناوچەکە و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ و داھاتووی دەڤەرەکە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
باسنيوز
