نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە فەرەنسا: بارزانی لە ئاستی باڵادا پێشوازیی لێ کرا
عەلی دۆڵەمەڕی گوتی: "ئەمڕۆ سێشەممە مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی بەلجیکا کۆبوویەوە، کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا زۆر گرنگە، بەتایبەت بۆ داهاتووی کوردستان، چونکە ئەو گرووپەی بارزانی لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، لە 27 وڵات پێکدێن، پشتیوانیی ئەوان بۆ ئێمە زۆر گرنگە، دواتر شاندی یاوەری بارزانی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، نەجمەدین کەریم، وەک پارێزگار کەرکووک، و نوێنەری کەمینە نەتەوەییەکان و تورکمانەکان و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا هەیە".
گوتیشی: "لەوێ زۆر پرسی باس دەکرێت، لەوانە سەربەخۆیی کوردستان، چونکە لەوێ ڕوون دەکرێتەوە سیستەمی فیدراڵیی عێراق شکستی هێناوە، دەمانەوێت وڵات بە شێوەیەکی ئاشتی بەڕێوە بچێت و دەبێ لەرێگای ئاشتییانەوە دەوڵەتی خۆمان هەبێت، و یەکێتیی ئەورووپا کاریگەریی زۆری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەتایبەت لە شەڕی تیرۆرستانی داعشدا بەشدارن و باس لەسەر ئەوە دەکرێت کە ئاخۆ دوای مووسڵ عێراق چی بەسەر دێت، چونکە هاتنی داعش دوای ئەو سیاسەتە فەشەلەی عێراق دێت کە پەیڕەوی کردووە".
عەلی دۆڵەمەری ئەوەشی خستەڕوو "لەوێ باس لەوە دەکرێت دوای ریفراندۆم کوردستان چی دەکات، چونکە مانەوەی عێراق بەم شێوەیە داعشێکی دیکە دروست دەکات، بۆیە دەبێت لە عێراق جیا ببینەوە، چونکە دەرکەوتووە نە عێراق لەگەڵ ئێمە دەژیت و نە ئێمە لەگەڵ عێراقدا دەژین کەوایە قازانج لە هەردوولایەن ببنە دوودراوسێی باش، دەریش کەوتووە، سیستەمی فیدراڵی لە عێراق شکستی هێناوە، یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە ڕێز لە دەستوور ناگیرێت".
دەشڵێت: "بارزانی یەکێک لە داواکاریەکانی لە یەکێتی ئەورووپا ئەوەیە کە دەبێت یەکێتیی ئەوروپا رێز لە ئیرادەی گەلی کوردستان بگرێت".
راشی گەیاند ئەمڕۆ شاندی بارزانی، لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و حکوومەتی بەلجیکا و پەرلەمانی ئەورووپا کۆ ببێتەوە لەئاستی پلەی یەک و باڵا پێشوازی لێدەکرێت.
باسنیوز
