راوێژکاری سەڵاحەدین بەهائەدین: بە ھەموو توانامان پاڵپشتیی ریفراندۆم دەکەین
پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لەنێو رێکخستنەکانی یەکگرتوودا
ھاوڕاز شێخ ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا: ”ریفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە و مافێکی رەوای میللەتەکەمانە، ئەندامانی یەکگرتوو ھەر لە کۆنگرەی ٦ و ٧ پاڵپشتییان لە سەربەخۆیی کوردستان و دیاریکردنی مافی چارەنووس کردووە و ئەندامان و سەرکردایەتی، سەربەخۆییان وەک خاڵێکی ستراتیژی پەسەند کردووە، بۆیە لەو سۆنگەیەوە دەنگیان پێ داوە لە کۆنگرە و ئێستاش لە واقعدا بە ھەڵبژاردنی ئەندامی کۆمیتەی گشتیی ریفراندۆم کراوە بە کردار، لەپاڵ ئەوەشدا دەبێ بژێوی و مووچەی خەڵک چاک بکرێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و ئاشتەوایی ناوخۆ بێتە دی.
خوشکانی یەکگرتوو و ڕیفراندۆم
ئەو، کە زیاتر راوێژکاری ئەمینداری گشتییە بۆ کاروباری خوشکانی یەکگرتوو، جەخت دەکاتەوە، ئەندامانی خوشکان پشتیوانیی ریفراندۆم دەکەن و پێشووتریش لە کۆنگرە، خوشکان ئەندامانی کۆنگرە بوون و بە ھەمان شێوەی برایان و پاڵپشتی سەربەخۆیی بوون و لەگەڵیدا بوونە، وەک رێکخستن و رێکخراویش ئەوەیان پەسند کردووە و کاری بۆ دەکەن.
کاتی دەوڵەتە
ئەو راوێژکارەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو جەخت دەکاتەوە، کاتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە و تەنانەت درەنگیشی کردووە، زیاتریش دوا و گوتی: ”سەبارەت بە دەوڵەتی کوردستان، ئەگەر بە مەودای زەمەنی تەماشای بکەین درەنگیشی کردووە نەک کاتی ھاتبێت، ئێستاش کە بەرەو ریفراندۆم دەڕۆین، لە خەونی دەوڵەت نزیکتر دەبینەوە، ئەگەرچی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی گەورەشمان ھەیە وەکوو قەیرانی ئابووری کە بە پلەی یەکەم دێت و خەڵکی زۆر نیگەران و ماندوو کردووە، قەیرانی سیاسی بە پلەی دووەم دێت، کە کۆکبوونێک لەلایەن لایەنەکانەوە ھەستی پێ ناکرێـت و قەیرانی کۆمەڵایەتیشیان بەدوای خۆیانەوە ھێناوە، بەڵام دواجار دەبێت پێکەوە ھاوکار بین و کێشەکان چارەسەر بکەین.
لیستی ئیسلامی و جیاوازیی ھەڵوێست
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا پێیان وایە لایەنێک ھەیە لەگەڵ لیستی ئیسلامیدا نییە و دەیەوێت لەدەرەوەی لیستی ئیسلامی بە جیا لیستی خۆی ھەبێت، خۆشناو گوتی: ”سەبارەت بە پرسی یەک لیستیی لایەنە ئیسلامییەکان ھەنگاوەکان ھێشتا لەکاردان و بەردەوامییان ھەیە و بەو ئاراستەیەن کە ئاشکرا کرا، بەپێچەوانەی ئەوە، لێدوانە نافەرمییەکان ھیچیان لەسەر بینا ناکرێ، بۆیە ئەوەی بە فەرمی رادەگەیەندرێ ئەوە دروستە، تا ئێستاش ھیچ لایەنێک لە لایەنە ئیسلامییەکان بە فەرمی رای نەگەیاندووە کە لەگەڵ یەک لیستیدا نییە، ئومێدیشمان وایە بگەینە ئەنجامێکی وەھا کە خێر و باشیی بۆ ھەموو لایەک تێدا بێت، ھەروەھا ھەندێ وردە ھەڵوێستی سیاسی کاریگەریی بەجێ نەھێڵێت لەسەر بڕیاری کەس بۆ ئەم لیستە، چونکە ئەرکێکی دینی. پاشان نیشتمانی و سیاسییشە.
کاری دەعوە و سیاسەت
ئەو کە کاری بانگخوازیش دەکات و پێشووتریش ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە، پێچەوانەی ھەندێک کەسی نێو حزبەکەی، بۆچوونێکی تری ھەیە لەسەر کاری دەعوە و سیاسەت و دەڵێ: "نە ئێستا و نە پێشووتریش لەگەڵ ئەوەدا نەبوومە و نیم کاری دەعوە و سیاسەت لێک جیا بکرێتەوە، بڕوام بەوە نییە دەعوە و سیاسەت دوو کاری جیای خەڵکی پەیامدار بن، پێشم وایە ھیچ ئەزموونێکی سەرکەوتوو پەیڕەو نەکراوە بۆ ئەم بابەتە، چونکە حەقیقەتەکەی شێوازی بەیەکەوەبوونەکەیە و سەرچاوەش دەعوەیە، سیاسەت بەشێکی دەعوەیە و دەکرێ بۆ مودەتێکی زەمەنی ھەندێ بواری سیاسی وەکوو پێویست نەچێتە پێش، بەڵام دەعوە ھەر دەبێت عەلەمداری بکرێت و سەرەکی و بنەڕەتی بێـت لە کاردا.
فرەژنی لەنێو یەکگرتووی ئیسلامیدا
ھاوڕاز، کە زیاتر خەریکی کاروباری ئافرەتانە و باس لە حاڵەتی فرەژنی لەنێو پیاوانی یەکگرتووی ئیسلامیدا دەکات و دەڵێ: ”حاڵەتە سروشتییەکە یەک ھاوسەرییە و فرەژنی بۆ حاڵەت و ھەندێ بوار ھەیە، ئەم دیاردەیە لەناو یەکگرتوودا لەوانەیە رێژەیەکی زەقی نەبێت، بەڵام ھەر ھەیشە، ئیسلامیش نەھاتووە فرەژنی فەرز بکات، تا ھەر کەس فرەژنیی کرد، وا بزانێ ئیسلامی جێبەجێ کردووە.
پەیوەست بە بۆچوونی سەلاحەدین بەھائەدین، ئەمینداری گشتی، بەرامبەر مافی ژنان ئەو دەیگوت: "جەنابی مامۆستا سەلاح تێڕوانین و بینینی بۆ مافەکانی ژن ھەڵقوڵاوی قورئان و سوننەتە، حاڵیبوون و تێگەیشتنی لەو روانگەیەوە خزمەتی باشی بە خوشکانی ناو و دەرەوەی یەکگرتوو کردووە و پاڵپشتێکی باش بووە بۆ ھێنانەپێش و بەرەوپێشچوونی کاری خوشکان لەناو یەکگرتوودا. سەبارەت بە مافەکانی ژن بە راستی ھەر لەزوودا لەگەڵ راگەیاندنی یەکگرتوو لەسەر کۆمەڵێ پرس لەسەر مافەکانی ژن کاری جدیی کردووە، بۆیە کاریگەریی لەسەر رۆڵی ئیجابی خوشکان دیار داوە و خەمخۆر بووە.
باسنيوز
