راوێژکاری سەڵاحەدین بەهائەدین: بە ھەموو توانامان پاڵپشتیی ریفراندۆم دەکەین
پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی لەنێو رێکخستنەکانی یەکگرتوودا
ھاوڕاز شێخ ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا: ”ریفراندۆم پرسێکی نیشتمانییە و مافێکی رەوای میللەتەکەمانە، ئەندامانی یەکگرتوو ھەر لە کۆنگرەی ٦ و ٧ پاڵپشتییان لە سەربەخۆیی کوردستان و دیاریکردنی مافی چارەنووس کردووە و ئەندامان و سەرکردایەتی، سەربەخۆییان وەک خاڵێکی ستراتیژی پەسەند کردووە، بۆیە لەو سۆنگەیەوە دەنگیان پێ داوە لە کۆنگرە و ئێستاش لە واقعدا بە ھەڵبژاردنی ئەندامی کۆمیتەی گشتیی ریفراندۆم کراوە بە کردار، لەپاڵ ئەوەشدا دەبێ بژێوی و مووچەی خەڵک چاک بکرێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە و ئاشتەوایی ناوخۆ بێتە دی.
خوشکانی یەکگرتوو و ڕیفراندۆم
ئەو، کە زیاتر راوێژکاری ئەمینداری گشتییە بۆ کاروباری خوشکانی یەکگرتوو، جەخت دەکاتەوە، ئەندامانی خوشکان پشتیوانیی ریفراندۆم دەکەن و پێشووتریش لە کۆنگرە، خوشکان ئەندامانی کۆنگرە بوون و بە ھەمان شێوەی برایان و پاڵپشتی سەربەخۆیی بوون و لەگەڵیدا بوونە، وەک رێکخستن و رێکخراویش ئەوەیان پەسند کردووە و کاری بۆ دەکەن.
کاتی دەوڵەتە
ئەو راوێژکارەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو جەخت دەکاتەوە، کاتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە و تەنانەت درەنگیشی کردووە، زیاتریش دوا و گوتی: ”سەبارەت بە دەوڵەتی کوردستان، ئەگەر بە مەودای زەمەنی تەماشای بکەین درەنگیشی کردووە نەک کاتی ھاتبێت، ئێستاش کە بەرەو ریفراندۆم دەڕۆین، لە خەونی دەوڵەت نزیکتر دەبینەوە، ئەگەرچی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی گەورەشمان ھەیە وەکوو قەیرانی ئابووری کە بە پلەی یەکەم دێت و خەڵکی زۆر نیگەران و ماندوو کردووە، قەیرانی سیاسی بە پلەی دووەم دێت، کە کۆکبوونێک لەلایەن لایەنەکانەوە ھەستی پێ ناکرێـت و قەیرانی کۆمەڵایەتیشیان بەدوای خۆیانەوە ھێناوە، بەڵام دواجار دەبێت پێکەوە ھاوکار بین و کێشەکان چارەسەر بکەین.
لیستی ئیسلامی و جیاوازیی ھەڵوێست
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا پێیان وایە لایەنێک ھەیە لەگەڵ لیستی ئیسلامیدا نییە و دەیەوێت لەدەرەوەی لیستی ئیسلامی بە جیا لیستی خۆی ھەبێت، خۆشناو گوتی: ”سەبارەت بە پرسی یەک لیستیی لایەنە ئیسلامییەکان ھەنگاوەکان ھێشتا لەکاردان و بەردەوامییان ھەیە و بەو ئاراستەیەن کە ئاشکرا کرا، بەپێچەوانەی ئەوە، لێدوانە نافەرمییەکان ھیچیان لەسەر بینا ناکرێ، بۆیە ئەوەی بە فەرمی رادەگەیەندرێ ئەوە دروستە، تا ئێستاش ھیچ لایەنێک لە لایەنە ئیسلامییەکان بە فەرمی رای نەگەیاندووە کە لەگەڵ یەک لیستیدا نییە، ئومێدیشمان وایە بگەینە ئەنجامێکی وەھا کە خێر و باشیی بۆ ھەموو لایەک تێدا بێت، ھەروەھا ھەندێ وردە ھەڵوێستی سیاسی کاریگەریی بەجێ نەھێڵێت لەسەر بڕیاری کەس بۆ ئەم لیستە، چونکە ئەرکێکی دینی. پاشان نیشتمانی و سیاسییشە.
باسنیوز
