سەرۆك بارزانی: هەڵوێستی بەلجیکا لەبارەی ریفراندۆمەوە زۆر باشە
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی باڵای ئەنجومەنی ریفراندۆم، یان یانبۆن، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا رایگەیاند، کە کۆبوونەوەکە ”زۆر باش بووە“ و گەلی کوردستان ”مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدا“.
یان یانبۆن هەروەها رایگەیاند، حکوومەتی بەلجیکا ناتوانێ قسە لەسەر مافی ریفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی کوردستان بکات، چونکە ئەوە پرسێکی ناوخۆیی کوردستانە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە حکوومەتی وڵاتەکەی چاوەڕێی ئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەکات، تاوەکو هەڵوێستی خۆی رابگەیەنێت.
هەروەها مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ حکوومەتی بەلجیکا، پەیامی گەلی کوردستانی گەیاندووەتە ئەو وڵاتە و کۆبوونەوەکەش ”زۆر باش“ بووە.
مەسعود بارزانی هەروەها رایگەیاند، هەڵوێستی بەلجیکا لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان زۆر باش و ئەرێنی بوو.
پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
رۆژی دووشەممە 10.7.2017، مەسعود بارزانی بە یاوەریی شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم سەردانی ئەوروپای کرد و بڕیارە لەسەر داوای وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، وتارێک لە پەرلەمانی یەکێتییەکە لە برۆکسل، پێشکەش بکات.
باسنیوز
