یەکێتیی زانایان داوای پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستان لە ناوەندە ئیسلامییەکانی ئوردن دەکات
بەپێی راگەیەندراوێکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، شاندێکی یەکێتییەکە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە سەردانی ئوردنیان کردووە و لەگەڵ وائیل عەرەبیات، وەزیری ئەوقافی ئوردن و محەمەد خەلیلوڵڵا، موفتیی ئوردن و ژمارەیەک زانا و ناوەندی ئیسلامی کۆ بوونەتەوە.
مەلا عەبدوڵڵا مەلا سەعید، سەرۆکی یەکێتیی زانایان رایگەیاندووە، ئامانج لەسەردانەکە ئاگادارکردنەوەی ناوەندە ئیسلامییەکان و زانایانی ئوردنە لە پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان.
مەلا عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەکانیاندا، جەختیان لە ئاشتیخوازیی گەلی کوردستان کردووەتەوە و ئاماژەیان بە لەخۆگرتنی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی عەرەبی عێراقی لە هەرێمی کوردستان کردووە، جگە لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، کە پێشمەرگە توانی ئەفسانەی ئەو رێکخراوە تێک بشکێنێت.
شاندەکەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان داوای لە زانا و ناوەندە ئیسلامییەکانی ئوردن و وڵاتانی عەرەبی کردووە ”لە چوارچێوەی پیوەرە شەرعییەکان“ پشتیوانیی لە گەلی کوردستان بکەن و هەڵوێستی ئەرێنی بەرامبەر گەلی کوردستان و مافی سەربەخۆیی کوردستان بنوێنن.
باسنيوز
