پارتی گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی حکوومی و ئیداریدا دەکات

 پارتی گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی حکوومی و ئیداریدا دەکات
سەرچاوەیەکی ئاگادار كة راگەیاند، بڕیار وایە بەم نزیکانە پارتی لە سنووری ھەولێر گۆڕانکاری لە چەند پۆستێکی ئیداری و حکوومی و حزبیدا بکات.



ئەو سەرچاوەیە روونی کردەوە، ئەو گۆڕانکارییانە بەشی زۆری بەرپرسە ئیدارییەکانی ھەولێر وەکوو بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری گشتی دەگرێتەوە، ھاوکات پارتی لەنێو بەرپرسەکانی حزبییش لە ھەولێر گۆڕانکاری دەکات و ئێستاش کاندیدەکان ئامادە کراون بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانە.



عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، لە لێدوانێکدا ئەوەی دووپات کردەوە: ”تا ئێستا لە لایەن پارێزگاری ھەولێر پێشنیاری گۆڕانکارییەکان و ناردنی ناوی کاندیدەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا رەوانە نەکراوە، دەنگۆی گۆڕانکارییەکان ھەیە و زانیومانە، بەڵام بەفەرمی بۆ ئێمە رەوانە نەکراوە، تاو لە ئەنجومەن دەنگیان لەسەر بدرێت“.



ئاماژەی بەوەش دا: ”سیستەمەکە بەم جۆرەیە کە پارێزگار بۆ ھەر بەڕێوەبەرێکی گشتی یان قایمقام یان بەڕێوەبەری ناحیە، بە نووسراوی فەرمی ناوی کاندیدەکانمان بۆ دەنێرێت، ئێمەش لە ئەنجومەن دەنگیان لەسەر دەدەین“.



عەلی رەشید، کە لەسەر پشکی پارتی لە ھەڵبژاردنەکاندا بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر ھەڵبژێردراوە، ئاشکرای کرد، ئەو گۆڕانکارییانەی پارتی لە ھەولێر دەیانکات، پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ لایەنە پەیوەندار و بەرپرسەکانی تر کاندیدەکانیان لەبەردەستە و تاوتوێی دەکەن، گوتیشی: ”ئێمە داوامان لە پارێزگا کردووە ئەو پۆستانەی کە بەشێوەی کاتی بەڕێوە دەبرێن پڕ بکرێنەوە، بۆ نموونە بەڕێوەبەری شارەوانییەکان و پەروەردەکان و شەھیدان و چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی تری گشتی بە کاتی بەڕێوە دەبرێن، ئەوانەش کاندیدیان بۆ پێشکەش دەکرێت“.



جەختیشی کردەوە، لە ماوەی رابردوودا لە پارێزگای ھەولێر ٦ بەڕێوەبەری ناحیە و ٤ قایمقام و ٢ بەڕێوەبەری گشتی گۆڕانکارییان تێدا کراوە و گۆڕانکارییەکانیش بەردەوام دەبن.



ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی ٢ی پارتی لە ھەولێر راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی لە ھەولێر دەکرێن، پەیوەندیی بە ئیدارە و حکوومەتەوە ھەیە، گوتیشی: ”بۆ دانانی بەڕێوەبەر و بەرپرسی تازە لە شوێنی خەڵکی تر، لە رێگەی دامودەزگاکانی فەرمیی ئیدارە و حکوومەت دەکرێت و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە وەکوو حزب“.



ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان پاڵپشتیی گۆڕانکاری دەکەن لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، گوتی: ”ئەگەر گۆڕانکاری لەسەر بنەمایەکی باش بێت، ئەوە باشە بکرێت، بەڵام ئەگەر گۆڕانکاری تەنیا لەپێناو گۆڕانکاریدا بێت خراپە، دەبێ لەسەر بنەمای لێھاتوویی، کەسانی تازە لەو گۆڕانکارییانە بەشیان ھەبێت“.



ئەو بەرپرسەی پارتی لە ھەولێر دەشیگوت: ”خەڵک ھەیە ١٢ ساڵە یان ٢٠ ساڵە بەڕێوەبەری گشتییە، راستە ئەزموونێکی باشی ھەیە، بەڵام خەڵکێکی تازە و گەنج ھەن دەکرێت ئەو کەسانە ئەو پۆستانە وەربگرن و خزمەتی زیاتری ھاووڵاتی و حکوومەت بکەن“.



کانی، روونی کردەوە، ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین حزب دەست وەربداتە کاروباری حکوومەت، بەڵام لەگەڵ ئەنجامدانی گۆڕانکاریدان، گوتیشی: ”ئەو کەسانەی ماوەیەکی دوورودرێژە لە پۆستەکانیاندان و بەبێ دیراسەکردن داندراون، پێویستە بگۆڕدرێن، ئەویش لەسەر بنەمای لێھاتوویی“.



ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی کردەوە، گۆڕانکاری لە پۆستە حزبییەکان لە چوارچێوەی رێکخستنەکانیادا بەردەوامە و لەمبارەیەوە ھیچ گرفتێکیان نییە.








باسنيوز
Top