یەکگرتوو لە تۆمەتەکانی گۆڕان پڕ دەبێت
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەی ئاگادار لە یەکگرتووی ئیسلامی ، ئەو تۆمەتانەی گۆڕان لە رێگەی پەیج و پێگەکانی لە سۆسیال میدیا دەیکاتە سەر یەکگرتووی ئیسلامی و سووکایەتی بە کەسایەتییەکانی ئەو پارتە دەکات، ئاستی دان بەخۆداگرتنی سەرکردەکانی یەکگرتووی تێپەڕاندووە، بەو ھۆیەوە یەکگرتووی ئیسلامی کە ھەندێ لە سەرکردەکانی ئەو ھێرشانە بە بڕیاری فەرمیی ژووری رۆژنامەوانیی گۆڕانی دەزانن، لەمەودوا لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی و لە ئاستی باڵا وەڵامی گۆڕان دەداتەوە، ئەگەر بێت و سەرچاوەی تۆمەتەکانیش ئاشکرا بن، رێگەی یاساییان لەبەرامبەردا دەگرێتە بەر.
حاجی کاروان، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی، کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن کەناڵە نافەرمییەکانی بزووتنەوەی گۆڕانەوە ھێرشی توند کرایە سەری، بەھۆی ئەوەی ھەڵویستی خۆی سەبارەت بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بە ئەرێنی دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا، کە سەرکردەکانی ئەوان لەناو خەڵک دەنێژرێن نەک لە مەزاری تایبەت، دواتر روونکردنەوەکەی لە سایتی فەرمیی یەکگرتوو سەبارەت بەو پرسە بڵاو کرایەوە. لەمبارەیەوە رای گەیاند، بابەتەکە تەنیا ئەوەیە ئەگەر رای جیاوازت ھەبوو، ئیتر ئەوەی رایەکەی بەدڵ نەبێت بەدژی خۆیت دەزانێ، گوتی: ”تا ئەو دۆخە سروشتییە کە ناگات بە جێنو و تەشھیر و ناوزڕاندن، چونکە ھەندێکیان بەدحاڵیبوون و ھەندێکیشی بەدگومانییە، کە ھەندێکی بووەتە ئیستھلاکی رۆژانەی سیاسی، کاتێک ھەڵەیەک ھەبێت یان ھەڵوێستێکی جیاواز ھەبێت، بەرامبەرەکەت دەتشکێنێتەوە، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەرەکەی لەسەر حسابی شکاندنی تۆ، کە ئەوەش ئاکارێکی سیاسیی ھەڵەیە“.
حاجی کاروان ئاماژەی بەوەش دا، ھیچ شتێکی دیاریکراو لە فکر یان پرەنسیپ لە خۆیاندا بەدی ناکەن کە بووبێتە ھۆی ئەو بەیەکدادانەی لەنێوان ئەوان و گۆڕاندا ھەیە، گوتی: ”ئەوەی تا ئێستا ھەیە لە ئاستی بنکە جەماوەرییەکانە و نەگەیشتووە بە سەرکردایەتی، بەڵام ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەبەرامبەر بە من کردیان، لە ئاستی پەرلەمانتاردا بووە کە منیان کردە ئامانج، بەڵام ھەروای دەبینین لە قاعیدە بووبێت، نەک سەرکردایەتیی گۆڕان“.
گوتیشی: ”ئەوەی جێگەی داخە، ئەو پرسە لە کوردستان گەیشتووەتە ئاستی شکاندنی ئێسقان و تەشھیر و جنێودان بە شەرەف و نامووس و کەرامەت، گەیشتووەتە ئاستێک کە زۆر مونافەسەیەکی ناشەریفانەیە، تا ئاستی تەخوینکردن و ناشرینکردنی یەکتر“.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەگەر گۆڕان سیاسەتێکی یەکگرتوو یان ھەر ھێزێکی دیکەی پێ باش نییە، ئەوە ئاساییە بڵێت ئەوە خراپە، بەڵام ئاسایی نییە جنێو بە شەرەف و نامووس و ھەوڵی تیرۆکردنی کەسایەتیت بدات، گوتی: ”ململانێی ئێمە لەگەڵ گۆڕان دیار نییە لەسەر چییە، تەنیا ئەوەندە نەبێت ھەندێ ھەڵوێستمان بەدڵی ئەوان نەبووە، ئەوان بەتوندی ھێرشیان کردووەتە سەر یەکگرتوو“.
بەڵام کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رای گەیاند، سەرکردەکانی یەکگرتوو و گۆڕان دانیشتن و ھاتوچۆ لەنێوانیاندا ھەیە و ئەوەی ھەیە تەنیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە و بنکەی جەماوەریی گۆڕان و یەکگرتووە، گوتی: ”وەکوو حزب کێشەی فکریمان لەگەڵ یەکدا نییە و لە ئاستی باڵادا درک بە حەساسییەت ناکەین“.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، راستە یەکگرتوو پێنج ئەندامی لە رۆژی بابەتی یاسای سەرۆکایەتی ئامادە نەبووە، بەڵام ئەوە ھەڵویستی یەکگرتوو نەبووە، بەڵکوو ھەڵویستی کەسیی ئەو پێنج ئەندامە بووە، گوتی: ”یەکگرتوو بۆ ئەو پرسە لەسەر پرەنسیپ و بۆچوونەکانی پێشووی ماوەتەوە، ئەوەی رووی داوە ھەڵوێستی کەسی بووە، لەبەرئەوە بڕوا ناکرێ ئەو تەشەنوجانەی لە ئاستی قاعیدە لەنێوانماندا ھەیە پەیوەندیی بەو پرسەوە ھەبێت“.
شایەنی باسە، ئەوە یەکەمین جار نییە کە سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی گۆڕان، قسە و لێدوان و ھێرشە خراپەکان، دەخەنە ئەستۆی جەماوەرەکەیان و خۆیانی لێ بەری دەکەن.
باسنیوز
