سەدر داواكارە گەنجانی عێراق لە شەڕی سووریا تێوەنەگلێن

سەدر داواكارە گەنجانی عێراق لە شەڕی سووریا تێوەنەگلێن

ئەمڕۆ دووشەممە موقتەدا سەدر مەرجەعی باڵای رەوتی سەدر داوای كرد گەنجانی عێراق لە شەڕی سووریا تێوەنەگلێنن. داواشی كرد سنوورەكانی عێراق بە تایبەتی لە بەری رۆژئاواوە توندتر بكرێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا.


سەدر لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان بە پێویستی زانی سنوورەكانی عێراق توند بكرێ، بە تایبەتی رۆژئاواوی وڵات، كە وەك دەروازەیەكی هاتنە ناوەوەی تیرۆریستان هەژمار دەكرێ.


سەدر دووپاتیشی كردەوە كە مانەوەی چەك لە دەستی چەكدارانی دەرەوەی دەزگا حكومیەكان، وڵات تووشی دەردەسەرییەكی وەها دەكات، كە هیچ كەس ئێرەیی بە دەرەنجامەكەی نەبات.


مەرجەعی سەدریەكان هانی حكومەتیشی دا بۆ پێكەوەلكاندنی هێزەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی و هێزەكانی سوپای عێراق، بۆ ئەوەی چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت.


ئەمڕۆ دووشەممە حەیدەر عەبادی سەركەوتنی هێزە عێراقییەكان و كۆتاییهاتنی داعشی لە مووسڵ راگەیاند.
bas news-
Top