عەزیز محەمەد: دەبێ بەرژەوەندى گەل و کوردستان بکەینە قیبلەى بیر و کارمان
لە وتارەكەدا سوپاسی تەمەنی كردووە، كە ماوەى داوە ئەم کۆنگرەیەش ببینێ و چاوی بە ئەندامانى کۆنگرە روون بێت.
هەروەها نووسیبووی "کارەکانى ئەم دواییانەمان دڵخۆشکەر نین، لە دوا هەڵبژاردندا نیوەى دەنگى ئەوەى پێشوومان هێنابوو، کە هەمووى ماوەیەکى کەمیان بەین بوو، هەر لەم دواییانەشدا، ژمارەیەکى دیار و سەدەها هاوڕێیانمان ریزەکانى حزبیان بەجێ هێشتووە، هەر لێرەوە بانگەوازى هاوڕێیانەى خۆم ئاراستەى هاوڕێیانى شیوعى دابڕاو دەکەم کە ئاوڕێک لە خۆیان و لە حزبەکەیان بدەنەوە".
لەبارەی راگرتنی رۆژنامەی زمانحاڵی حزبی شیوعیشەوە رەخنەی لێ گرتوون و نووسیویەتی "حزبێکى تەمەن 82 ساڵى رۆژنامەى رادەگرێ بە پاساوى نزمى بارى دارایى کە ئێمە بەش بەحاڵى خۆمان بەدوور لە یارمەتى دەرەکى هەرگیز لە ئێستە بەتواناتر نەبووینە. یان دەڵێن ناخوێندرێتەوە، باشە لەباتى ئەوەى بزانین بۆ ناخوێندرێتەوە و واى لێ بکەین بخوێندرێتەوە، دەبێت دایخەین؟ نەخۆشێک لە جیاتى چارەسەرى بکەین، دەبێت لەناوى بەرین؟".
لەبارەی ناكۆكییەكانی ناوەخۆی كوردستانیشەوە نووسیویەتی "لە کاتێکدا یەکێتى ناوماڵى کوردستان و یەکریزى هێزەکانى، چەکى هەرە سەرەکى و کاریگەرى سەرکەوتنمانە، بەتایبەتى لەکاتێکدا کە بیر لە هەنگاوێکى بابەتیانەى تاقینەکراوە دەکرێتەوە، هەر بەم بۆنەیەشەوە، وەک سەربازێکى بەتەمەنی رێگاى کۆشش و خەبات، هانا بۆ سەرکردە و بەرپرس و خاوەن ئەزموونەکان و بیرمەند و ناوەندەکانى راگەیاندن دەبەم، ئەو توندوتیژییەى نێوانمان هێور بکەنەوە، هیچ کێشەیەکیش نییە چارەسەر نەکرێت، بەرژەوەندى گەل و کوردستانیش بکەینە قیبلەى بیر و کارمان".
هەروەها نووسیویەتی "نەیارانمان کەم نین، دۆستانیش ئەگەر هەبن زۆر نین، ناکرێت و نابێت ئەو دەستکەوتەى بەدەست هێنراوە ، کە بەرهەمى فرمێسک و خوێن و رێچکەى بێ شومارى شەهیدانە، بکرێ بە قوربانى دووبەرەکى و قەیرانى ناوخۆ".
عەزیز محەمەد، سکرتێری پێشووتری حزبی شیوعیی عێراق نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 31.5.2017 لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر، لە تەمەنی 93 ساڵیدا گیانی لەدەست دا.
bas news-
