نێچیرڤان بارزانی:سه‌ركه‌وتنی ڕیفراندۆم سه‌ركه‌وتنی هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستانه
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی به‌شداریكردنی له ڕێوڕهسكی چله‌ی ماته‌مینی عه‌زیز محه‌مه‌د كه‌سایه‌تی كورد و سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراق گوتی بابه‌تى ڕيفراندۆمدا دۆڕاو و براوه نييه و سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنى ڕيفراندۆم په‌يوه‌ندى به سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنى ته‌نيا لايهنيك، يان حيزبێكى سياسييه‌وه نييه و له سه‌ركه‌وتنیدا هه‌مووان سه‌ركه‌وتوون و پێچهوانهكهيشى ڕاسته.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 10-7-2017 به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیر و په‌رله‌مانتاران و كه‌سایه‌تیانی سیاسی و ئه‌كادیمی و ئیداری هه‌رێم و ئه‌ندام و لایه‌نگران و هه‌وادارانی هه‌ردوو حزبی شیوعیی كوردستان و عێراق و دۆست و هه‌ڤالان و كه‌سوكاری خوالێخۆشبوو، له هۆڵی شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵا چله‌ی ماته‌مینی كه‌سایه‌تیی دیار و به‌ناوبانگی سیاسیی كوردستان عه‌زیز محه‌مه‌د سكرتێری پێشووی حیزبی شیوعی عێراق به‌ڕێوه‌چوو.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تیایدا جیا له ده‌ربڕینی هاوخه‌میی خۆی بۆ سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی هه‌ردوو حزبی شیوعیی كوردستان و عیراق و خانه‌واده‌ی كۆچكردوو، گوتی: "ساڵى 2015 داوام لێكرا تێگه‌یشتن و بارى سه‌رنجم له‌سه‌ر مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د ده‌رببڕم، ئه‌و كات به ناونیشانى (مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د مایه‌ى شانازيى هه‌موومانه) وتارێكم له‌سه‌ر به‌ڕێزيان نووسى. ئه‌وه‌ى ئێستاش لێره‌دا ده‌یڵێم، دووپاتكردنه‌وه‌یه له‌و نووسینه‌م، چونكه وه‌ك چۆن ئه‌وكات كه له ژیاندا بوو ئاوا له‌و به‌ڕێزه‌م ده‌ڕوانى، ئێستاش لاى من و هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ڕێزيان ده‌ناسن، يادى ئه‌و هه‌ر به زيندوويى ده‌مێنێته‌وه. ئه‌و كه‌سايه‌تييه‌كى سیاسى و نیشتمانييه و مێژووى خه‌باتى ئه‌و مرۆڤه تاكو گه‌له‌كه‌مان مابێت، هه‌ر به زیندوويى ده‌مێنێته‌وه".
له به‌رده‌وامی گوته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه دا كه عه‌زیز محه‌مه‌د به هه‌موو پێوه‌ر و لێكدانه‌وه‌یه‌ك پیاوێكى گه‌وره و به‌ڕێزى كوردستان بووه و زیاتر له (60) ساڵ له‌پێناو ئازادى و دیموكراسى و به‌ده‌ستهێنانى مافه نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى گه‌له‌كه‌يدا، خه‌باتێكى سه‌خت و دژواری ئه‌نجامداوه و ئاماده‌یيی خۆى له گۆڕه‌پانی سیاسی و نیشتمانى و خهباتگێریدا سه‌لماندوه. جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه هه‌رچه‌ند مامۆستا زیاتر له (29) ساڵ به لێهاتووييهكی زۆره‌وه ڕێبه‌رایه‌تيى دێرینترین حيزبى عيراقی كردوه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وامیش خۆى به خاوه‌ن و پشتيوان و هاوكاری شۆڕش و جووڵانه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى گه‌لى كوردستان زانیوه و به‌هۆیه‌وه له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عيراق پێگه‌یه‌كى گه‌وره و به‌هێزی بۆ خۆی دروست كردووه و هه‌موولایه‌ك قسه و ئامۆژگارییه‌كانی به‌ڕێزیان به‌هه‌ند وه‌رده‌گرت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه عه‌زیز محه‌مه‌د له سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی خه‌باتدا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كوردستان له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ى نیشتمانى و دیموكراسيى عيراقدا له په‌يوه‌ندييه‌كى به‌هێزدا بن و ئه‌گه‌ر مێژووی عيراق و كوردستان له‌و ڕووه‌وه بنووسرێته‌وه و شیكردنه‌وه‌ى زانستیانه‌ى بۆ بكرێت، ڕۆڵى مامۆستا به جوانترین شێوه دهدردهكهوێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش بۆته هۆكار كه یه‌كێك بوو له خۆشه‌ويستانى بارزانيى نه‌مر و هه‌رده‌م قسه و هه‌ڵوێسته‌كانى، لاى ئه‌و به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرا. دووپاتیشی كرده‌وه كه ئه‌و ڕێز و پێزانينهى بارزانيى نه‌مر بۆ مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د، له هه‌موو وێستگه‌كانى دواى كۆچى دوایی بارزانی، لاى ئه‌وان به پارێزراوى ماوه‌ته‌وه و بۆ هه‌ميشه هه‌روا ده‌مێنێته‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به ڕۆڵی جوامێرانه‌ی عه‌زیز محه‌مه‌د دا له ناوه‌ڕاستى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو و له ئاشتبوونهى لايه‌نه‌كان له شه‌ڕى ناوخۆ و یه‌كخستنه‌وه‌ى ناوماڵى كورد، هه‌روه‌ها بۆ ڕێزگرتن له خه‌بات و تێكۆشان و ئه‌و ڕۆڵه گرنگه‌ى كه له خزمه‌تكردن به گه‌ل و نیشتمان هه‌یبووه، له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانییه‌وه مه‌دالیای بارزانيى نه‌مری پێ به‌خشرا و له‌كاتى ڕێوهرهسمهكهشدا جه‌نابى سه‌رۆك ڕاشكاوانه پێى ڕاگه‌یاندووه "تۆ مامۆستا و براگه‌وره‌ى من و هه‌موو لایه‌كى".
هه‌ر له به‌رده‌وامی بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌ڵوێست ئامۆژگارییه به‌سووده‌كانی عه‌زیز محه‌مه‌ددا، به‌ڕێزیان گوتی "مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د قسه‌یه‌كى هه‌بوو كه زۆر جار داكۆكى لێ ده‌كرده‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه ده‌یگوت (ڕاستى بارێكى قورسه، هیچ كه‌س و حزبێك به ته‌نها ناتوانێت ههڵيبگرێت، مێژوو و ڕابردووى ئێمه‌ش هه‌مووى هه‌ر ڕاست نیيه و هه‌ڵه و كه‌موكوڕى زۆرى تێدایه، بۆیه پێويسته هه‌موومان كه چۆن خۆمان به خاوه‌نى ڕاستیيهكان ده‌زانین، بوێريى ئه‌وه‌شمان هه‌بێت دان به هه‌ڵه‌كانى خۆماندا بنێین). بۆیه چۆن شانازى به سه‌روه‌رى و ڕاستیيهكانمانهوه ده‌كه‌ین، ده‌بێ ئاواش به جورئه‌ته‌وه هه‌ڵه‌كانى خۆمان ببینین و هه‌وڵى جددی بۆ چاره‌سه‌ركردنيان بده‌ین".
دواتر باسی له‌وه كرد كه گه‌لى كوردستان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان به پشتگيريى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى توانى ئه‌فسانه و هێزى ترسناكى داعش تێك بشكێنێت و پێگه‌ى گه‌ل و دۆزه ڕهواكهى له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بباته ئاستێكى باڵا و وه‌ك میلله‌تێكى زیندووى دیموكراسیخواز بچێته سه‌ر نه‌خشه‌ى جیهان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه دا بۆئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه بكه‌وێته خزمه‌تی ئامانجه ستهراتیژییهكانی گه‌لی كوردستان، به پێویستی زانی هه‌مووان به گه‌رموگوڕییه‌وه ڕوو بكه‌نه سندووقه‌كانى ده‌نگدان و به به‌ڵێ ده‌نگ بۆ ڕیفراندۆمێكى سه‌ركه‌وتوانه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن كه خه‌ون و ئامانجى گه‌وره‌ى مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د و هه‌موو شههيدانى كوردستانه.
هه‌ر له‌باره‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییه‌وه، دووپاتی كرده‌وه كه ڕيفراندۆم مافێكى ڕه‌واى گه‌لى كوردستانه و موڵكى هيچ كه‌س و لايه‌ن و حيزب و پێكهاته‌يه‌ك به‌ته‌نها نييه و به ده‌رفه‌تێكیشی زانی كه به شێوه‌يه‌كى مه‌ده‌نى و دوور له توندوتيژى، ده‌نگى خه‌ڵكى كوردستان بگاته هه‌موو جيهان كه سه‌ربه‌خۆيى ده‌وێت و به هه‌موو جيهان بڵێت ده‌مانه‌وێت مافه ڕه‌واكانمان به شێوه‌يه‌كى ئاشتيانه به‌ده‌ست بهێنن و سه‌رخستنى ببێته خاڵى كۆكهرهوهى هه‌موو لايه‌نه سياسی و پێكهاته نه‌ته‌وه‌يى و ئاينييه‌كانى كوردستان. دووپاتیشی كرده‌وه كه له‌مباره‌یه‌وه ده‌زگاكانى ڕاگه‌ياندن ئهركيكى نيشتمانيى گه‌وره‌يان ده‌كه‌وێته سه‌ر شان و گرنگيى سه‌ركه‌وتنى ريفڕاندۆم ڕوون بكه‌نه‌وه و خه‌ڵك له ڕيفراندۆم سارد نه‌كه‌نه‌وه وه‌ك هه‌ندێك ده‌زگاكانى ڕاگه‌ياندن ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه له بابه‌تى ڕيفراندۆمدا دۆڕاو و براوه نييه و سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنى ڕيفراندۆم په‌يوه‌ندى به سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنى ته‌نيا لايهنيك، يان حيزبێكى سياسييه‌وه نييه و له سه‌ركه‌وتنیدا هه‌مووان سه‌ركه‌وتوون و پێچهوانهكهيشى ڕاسته.
ده‌قی گوتاری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان:
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئێواره‌تان باش و هه‌موو لایه‌كتان به‌خێر بێن..
به ئه‌رك و شانازى ده‌زانم كه ئه‌مڕۆ به‌شداری له كۆڕى ماته‌مینى مامۆستاى گه‌وره و كۆچكردوو مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌ددا ده‌كه‌م. جارێكى دیكه هاوخه‌میى خۆم بۆ سه‌ركردایه‌تى و تێكۆشه‌رانى هه‌ردوو حزبى شیووعیى كوردستان و عیراق و خانه‌واده سهربهرزهكهى مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د و دۆست و هاوڕێیانى به‌ڕێزی ده‌رده‌بڕم.
به‌ڕێزان..
ساڵى 2015 داوام لێكرا تێگه‌یشتن و بارى سه‌رنجم له‌سه‌ر مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د ده‌رببڕم، ئه‌و كات به ناونیشانى "مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د مایه‌ى شانازیى هه‌موومانه" وتارێكم له‌سه‌ر به‌ڕێزیان نووسى. ئه‌وه‌ى ئێستاش لێره‌دا ده‌یڵێم، دووپاتكردنه‌وه‌یه له‌و نووسینه‌م، چونكه وه‌ك چۆن ئه‌وكات كه له ژیاندا بوو ئاوا له‌و به‌ڕێزه‌م ده‌ڕوانى، ئێستاش لاى من و هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی ئه‌و ده‌ناسن، یادى ئه‌و هه‌ر به زیندوویى ده‌مێنێته‌وه. ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌كى سیاسى و نیشتمانپه‌روه‌ره و مێژووى خه‌باتى ئه‌و مرۆڤه زیندوویى له‌ناو گه‌له‌كه‌ماندا ده‌مێنێته‌وه.
مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د به هه‌موو پێوه‌ر و لێكدانه‌وه‌یه‌ك پیاوێكى به‌ڕێزى وڵاته‌كه‌مان بووه، زیاتر له (60) ساڵ له‌پێناو ئازادى و دیموكراسى و به‌ده‌ستهێنانى مافه نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى گه‌له‌كه‌یدا، شانى خۆڕ‌اگرى و دڵسۆزى و ماندوونه‌بوونى دابووه به‌ر خه‌باتێكى سه‌خت و دژوار.
له میانه‌ى ئه‌و مێژووه دوورودرێژ و پڕ له سهروهریهیدا، له سه‌رجه‌م وێستگه‌كانى ته‌مه‌نى خۆیدا وه‌ك تێكۆشه‌رێكى به‌ئه‌زموون و مرۆڤدۆست، ئاماده‌ییی خۆى له سه‌رزه‌مینى سیاسی و نیشتمانى و خهباتگێریدا سه‌لماند.
مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د زیاتر له (29) ساڵ به ئیراده‌یه‌كى به‌رز و به‌وپه‌ڕى لێهاتووییه‌وه، ڕێبهرایهتیى دێرینترین حیزبى عیراقی كرد. له‌و زه‌مه‌نه دوورودرێژ و پڕ له هه‌وراز و نشێوهشدا، سه‌ره‌ڕاى نواندنى هه‌موو جۆره دڵسۆزییه‌ك بۆ حیزبه تێكۆشهرهكهى، به شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وامیش خۆى به خاوه‌ن و پشتیوان و هاوكاری شۆڕش و جووڵانه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى گه‌لى كوردستان ده‌زانى و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردبوو كه ئه‌و مرۆڤه تێكۆشه‌ره له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عیراق پێگه‌یه‌كى گه‌وره و به‌هێز بۆ خۆى دروست بكات و ببێته كه‌سایه‌تییه‌كى ڕێزدار و متمانه‌پێكراوى هه‌موو لایه‌ك. بۆیه هه‌موو خه‌باتگێڕان و دیموكراتخوازانى عیراق و كوردستان گوێیان لێ ده‌گرت و قسه و ئامۆژگاری و ڕه‌خنه و تێبینیه‌كانى به‌ڕێزیان به‌هه‌ند وه‌رده‌گرت.
مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د له سه‌رجه‌م قۆناغه مێژوویییهكانى خه‌باتدا له هه‌وڵ و كۆششدا بوو بۆ ئه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى كوردستان له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ى نیشتمانى و دیموكراسیى عیراق له په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێزدا بن و ئاراسته‌كردنى هه‌ردوولا به قازانجى گه‌لانى عیراق و كوردستان له چوارچێوه‌ى به‌ره و كاری هاوبه‌شدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بێت، بۆیه ئه‌گه‌ر مێژووی عیراق و كوردستان له‌و ڕووه‌وه بنووسرێته‌وه و شیكردنه‌وه‌ى زانستیانه‌ى بۆ بكرێت، ڕۆڵى مامۆستا به جوانترین شێوه ده‌رده‌كه‌وێت.
دیاره هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردبوو كه یه‌كێك بوو له خۆشه‌ویستانى بارزانیى نه‌مر و هه‌رده‌م قسه و هه‌ڵوێسته‌كانى، لاى جه‌نابى بارزانى به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرا و حیسابى تایبه‌تی بۆ ده‌كرا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ڕێز و پێزانینه‌ى بارزانیى نه‌مر بۆ مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د، دواتریش له هه‌موو وێستگه‌كانى دواى كۆچى دواییی بارزانی، لاى ئێمه هه‌ر به پارێزراوى ماوه‌ته‌وه و بۆ هه‌میشه هه‌روا ده‌مێنێته‌وه.
هه‌مووشمان له‌بیرمانه كه ناوه‌ڕاستى نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو، مامۆستای به‌ڕێز ڕۆڵێكى جوامێرانه‌ى له ئاشتبوونهى لایه‌نه‌كان له شه‌ڕى ناوخۆ و یه‌كخستنه‌وه‌ى ناوماڵى كورددا گێڕا و جێپه‌نجه‌ى ئه‌و به پرۆسه‌ى پێكهاتنه‌وه و ئاشته‌واییى كوردستانه‌وه دیاره.
بۆ ڕێزگرتن له خه‌بات و تێكۆشان و ئه‌و ڕۆڵه گرنگه‌ى مامۆستاش كه له خزمه‌تكردن به گه‌ل و نیشتمان هه‌یبووه، ماوه‌یه‌ك به‌رله ئێستا سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى مه‌دالیای بارزانیى نه‌مری پێ به‌خشى و له‌كاتى ڕێوهڕهسمى بهخشینهكهشدا، جه‌نابى سه‌رۆك ڕاشكاوانه پێى ڕاگه‌یاند "تۆ مامۆستا و براگه‌وره‌ى من و هه‌موو لایه‌كى".
به‌ڕێزان..
مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د قسه‌یه‌كى جوانى هه‌بوو كه زۆر جار داكۆكى لێ ده‌كرده‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه ده‌یگوت "ڕاستى بارێكى قورسه، هیچ كه‌س و حیزبێك به‌ته‌نها ناتوانێت هه‌ڵیبگرێت، مێژوو و ڕابردووى ئێمه‌ش هه‌مووى هه‌ر ڕاست نییه و هه‌ڵه و كه‌موكوڕى زۆرى تێدایه، بۆیه پێویسته هه‌موومان كه چۆن خۆمان به خاوه‌نى ڕاستییه‌كان ده‌زانین، بوێریى ئه‌وه‌شمان هه‌بێت دان به هه‌ڵه‌كانى خۆماندا بنێین".
بۆیه چۆن شانازى به سه‌روه‌رى و ڕاستییهكانمانهوه ده‌كه‌ین، ئاواش ده‌بێ به جورئه‌ته‌وه هه‌ڵه‌كانى خۆمان ببینین و هه‌وڵى جددی بۆ چاره‌سه‌ركردنیان بده‌ین. به‌تایبه‌تیش له ئێستادا كه كوردستان به قۆناغێكى یه‌كجار ناسك و هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت و بڕینى ئه‌و قۆناغه‌ش به سه‌ركه‌وتوویى، دڵسۆزى و كاركردن و توانا و كارى پێكه‌وه‌یى و هیممه‌تى هه‌موو لایه‌كى پێویسته.
ئه‌مڕۆ گه‌لى كوردستان و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانى، به پشتگیریى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى توانى ئه‌فسانه و هێزى ترسناكى داعش تێك بشكێنێت و سه‌ربه‌رزانه له شه‌ڕێك بێته ده‌رێ كه هه‌موو جیهان ده‌ستخۆشى و ئافه‌رینى لێ بكه‌ن. سه‌ركه‌وتنه‌كانى پێشمه‌رگه و به‌خشینى ئه‌و هه‌موو قوربانییه له‌پێناو داكۆكیكردن له كوردستان و بگره له سه‌قامگیریى جیهانیش، پێگه‌ى گه‌له‌كه‌مان و دۆزه ڕهواكهى بردۆته ئاستێكى باڵا و ئێمه‌ى وه‌ك میلله‌تێكى زیندووى دیموكراتخواز بردۆته سه‌ر نه‌خشه‌ى جیهان، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ش كاتێك ده‌چێته خزمه‌تى ئامانجه ستراتیژییهكانمانهوه كه هه‌موومان به گه‌رموگوڕى ڕوو بكه‌ینه سندووقه‌كانى ده‌نگدان و به به‌ڵێ ڕیفراندۆمێكى سه‌ركه‌وتوانه ئه‌نجام بده‌ین به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆییى یه‌كجارى، ئه‌مه‌ش خه‌ون و ئامانجى گه‌وره‌ى مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د و هه‌موو شه‌هیدانى كوردستان و ئه‌و خه‌باتگێڕانه‌یه كه له‌پێناو كوردستاندا گیانیان به‌خشى و زه‌حمه‌تیان كێشاوه.
ڕیفراندۆم كه مافێكى ڕه‌واى گه‌لى كوردستانه، موڵكى هیچ كه‌س و لایه‌ن و حیزب و پێكهاته‌یه‌ك به‌ته‌نها نییه، هى هه‌مووانه و كه‌س ناتوانێ خۆى بكاته تاقه خاوه‌نى ئه‌و مافه. موڵكى هه‌موو كوردستانییانه به هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى و كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسییه‌كانییه‌وه. ده‌رفه‌تێكه بۆ ئه‌وه‌ى به شێوه‌یه‌كى مه‌ده‌نى و دوور له توندوتیژى، ده‌نگى خه‌ڵكى كوردستان بگاته هه‌موو جیهان كه سه‌ربه‌خۆیى ده‌وێت و چیتر نایه‌وێت خه‌ڵكى دیكه بڕیار له‌سه‌ر ئێستا و داهاتوو و چاره‌نووسى بدات. ده‌رفه‌تێكه بۆ ئه‌وه‌ى به هه‌موو جیهان بڵێین كه ئێمه ده‌مانه‌وێت دۆزه ڕهواكهمان، مافه ڕه‌واكانمان به شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه و له ڕێگه‌ى دیالۆگ و گفتوگۆوه به‌ده‌ست بهێنین و وه‌ك چۆن پێشتر سه‌لماندوومانه، دووباره بیسهلمێنینهوه كه ئێمه فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیرین له ناوچه‌كه‌دا.
سه‌رخستنى ڕیفراندۆم ده‌بێ ببێته خاڵى كۆكهرهوهى هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان و ته‌واوى پێكهاته نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌كانى كوردستان، نابێت ببێته هۆى په‌رته‌وازه‌یى و خاڵى ناكۆكى له‌نێو لایه‌نه‌كان. له‌مباره‌یه‌وه ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن له هه‌رێمى كوردستان ئه‌ركێكى نیشتمانیى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شانه كه ده‌بێ به گیانێكى به‌رپرسانه، كوردستانییان هان بده‌ن و گرنگیى سه‌ركه‌وتنى ڕیفڕاندۆمیان بۆ ڕوون بكه‌نه‌وه. نابێت ڕاگه‌یاندن خه‌ڵك له ڕیفراندۆم سارد بكاته‌وه!. زۆر به‌داخه‌وه هه‌ندێك له ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن له هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵێكى زۆر خراپ ده‌گێڕن و به‌و كاره‌ى خۆیان ئاو به ئاشى ناحه‌زانى كوردستاندا ده‌كه‌ن.
به‌ڕێزان،
له بابه‌تى ڕیفراندۆمدا به هیچ شێوه‌یه‌ك دۆڕاو و براوه نییه!. یان ئه‌وه‌تا هه‌موومان پێكه‌وه براوه‌ین، یان هه‌موومان پێكه‌وه دۆڕاوین!. سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنى ڕیفراندۆم په‌یوه‌ندى به سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنى ته‌نیا لایه‌نێك، یان حیزبێكى سیاسییه‌وه نییه. ڕیفراندۆم بابه‌تێك نییه كه تیایدا لایه‌نێك سه‌رده‌كه‌وێت و لایه‌نه‌كانى دیكه ده‌دۆڕێن، له سه‌ركه‌وتنى ڕیفراندۆمدا هه‌مووان سه‌ركه‌وتوون، گه‌لى كوردستان به‌گشتى به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه سه‌ركه‌وتووه، هه‌روه‌ها پێچه‌وانه‌كه‌یشى ڕاسته. بۆیه چاوه‌ڕێین هه‌مووان به‌و گیان و تێڕوانین و تێگه‌یشتنه‌وه بچینه سه‌ر سه‌ندووقه‌كانى ده‌نگدان و بڵێین: به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆییى كوردستان.
له كۆتاییدا دووباره سڵاو و دروود بۆ گیانى پاكی مامۆستا عه‌زیز محه‌مه‌د ده‌نێرین. یادى هه‌میشه به‌خێر.
ئێوه‌ش به خێر بێن و هیواى ئێواره‌یه‌كى ئارامتان بۆ ده‌خوازم.
bas news-
