عەمید سەرحەد: شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ 450 تیرۆریست دەستگیر كراون

 	 عەمید سەرحەد: شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ 450 تیرۆریست دەستگیر كراون
بەرێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك دەڵێ، لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، 200 تیرۆریستیان دەستگیر كردوون و دادگایی كراون، 250 كەسی تریشیان دەستگیر كردوون كە دەستیان لەگەڵ داعشاندا هەبووە یان شانەی نوستوو بوون.

(عەمید سەرحەد قادر) بەرێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كوكووك بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "كۆنترۆڵكردنی تیرۆریستان سەدی سەد تۆزێ زەحمەتە، چونكە كەركووك شارێكی فرەنەتەوە و مەزەبە و زیاتر لە 550 هەزار ئاوارەی تێدا دەژی. داعش 30 لە سەدی شاریان بەدەستەوەیە و شانەی نووستوویان هەیە لە ناوچە جیایاكانی كەركووك، لە هەندێك گوندەوە هاوكاری دەكرێن و هێزیكی زۆریان هەیە لە حەویجە. بەڵام هێزەكانمان زۆر لەسەر هەستن و كەمترین بواریان بە تیرۆریستان داوە. خۆ ئەگەر لە دەستیان بێت رۆژانە بە دەیان تەقینەوە و كاری تیرۆریستی دەكەن."

بەگوێرەی زانیارییاکەنای (عەمید سەرحەد)، داعش 17 جار هێرشی كردووە بۆ كەركووك و لە هەموویدا شكستی گەرەی هێناوە و، گوتیشی، "هەرچیی لەدەستمان بێت كردوومانە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی كەركووك."


(سەرحەد قادر) ئاشكرایشی كرد: "لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 200 تیرۆریستمان دەستگیر كردوون، کە هەموو تەمەنێكیان تێدایە و دادگایی كراون، 250 كەسی تریشمان لێ دەستگیر كردوون كە دەستیان لەگەڵ داعشاندا هەبووە یان شانەی نوستوو بوون. هەندێك كەسمان دەستگیر كردوون بە جلی ئافرەتانەوە كە بۆ تێكدانی دۆخی شار هاتبوون."
kdp-
Top