وەزارەتی شەهیدان: پێش یادی كارەساتی شنگال، گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵدەدرێنەوە
(بەرەڤان حەمدی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وا بەرەو بیرەوەریی سێ ساڵەی كارەساتی شنگال دەڕۆین، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە هەوڵدایە سەرجەم بەڵگەكان بۆ بەجینۆسایدناساندی تاوانەکانی شنگال بەدۆكیۆمێنت بكات. بریارمان داوە بە هەماهەنگیی رێكخراوی (ICM) و دەستەی لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەكان لە دهۆك، كار لەسەر گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ناوچەی شنگال بكەین و بە دۆكیۆمینتیان بكەین و روفاتەكان لێك جیا بكەینەوە و رێوشوێنی یاساییان بۆ بگرینەبەر."
وەک بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئاماژەی دا، لە ناوچەی شنگال و دەوروبەری زیاتر لە 35 گۆڕی بەكۆمەڵ هەنە و تەنها سێیان کە لە (سنوونێ و حەردان و خانەسۆر)ن هەڵدراونەتەوە. تیمەكانمان خولی تایبەت بە هەڵدانەوی گۆڕی بەكۆمەڵیان تەواو كردووە و ئێمەش وەكو وەزارەت رێوشوێنە یاساییەكانمان تەواو كردووە. تەنها چەند ڕێکارێکی ئیداری ماوە بۆئەوەی دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان بكرێت. بریاریشە پێشی 3\8\2017 كە یادی ئەم كارەساتەیە چەند گۆرێك هەڵبدرێتەوە."
(بەرەڤان حەمدی) جەختی کردەوە لەوەی کە، رێوشوێنی بەجینۆسایدناساندنی ئەم كەیسە لەلایەن لیژنەی باڵای بەجینۆسایدناساندنی تاوانی ئێزدیان و پێكهاتەكانی تر كاری بۆ دەكرێت، كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە پێكهێندراوە. گوتیشی "هەوڵ دەدرێت شارەزایانی دادی نێودەوڵەتی كاری بۆ بكەن وەكو (دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە (لاهای)، یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان و، وڵاتان لەم تاوانانە ئاگادار بكرێتەوە بۆئەوەی كەیسەكە بەجینۆساید بناسێندرێت."
لە 3ـی ئابی 2014، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر ناوچەی شنگال و چەندین تاوانی نامرۆڤانەیان ئەنجام دا و، خەڵكێكی زۆریان كۆمەڵكوژ كرد.
kdp-
