ھونەرمەندان: شەرەف و نامووسە دەوڵەت
"وەک چۆن من پەیوەندیم بە ھیچ حزبێکەوە نییە، ئاوایش ڕیفراندۆم پەیوەندی بە ھیچ حزبێکەوە نییە، پرسێکی نەتەوایەتیی گرینگە و پەیوەندی بە سەرجەم گەلی کوردستانەوە ھەیە، ئەمە پرسێکی سەرپێیی نییە، ئەم ڕیفراندۆمە چارەنووسی نەتەوەیەکە، کارێکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە"، ئەمە قسەی (لالۆ ڕەنجدەر)ـی سروودبێژی شاری کەرکووکە کە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند.
ئەو جەخت دەکاتەوە لەوەی کە، دەیەوێ وەک وەک ھونەرمەندێک یەکەم کەس بێ بەشداری ڕۆژی دەنگدان بکات و بە بەڵێ دەنگ بدا و لەسەر ئەو باوەڕەیە، "ئەگەر بێـتو سەد ساڵی ڕابردوو بھێنینە بەرچاو، لە (سایکس پیکۆ)وە تاکو ئێستا، یەک قازانجمان با دیار بێت کە کردبێتمان لەگەڵ عێڕاق و دەورووبەرمان، بگرە گەورەترین زەرەرمان کردووە. نەھامەتییەکان زۆرن، هەزاران شەھیدمان داوە، کیمیاباران و ئەنفال کراوین، شار و گوندمان چەندین جار وێران کراون، قازانجەکەی لە کوێدایە؟!، هەڵبەتە ئەوە نیشانەی بێدەوڵەتی و ئازادنەبوونمان بووە سەربەخۆ نین ئەوەی بیانەوێ لێمان دەکرێت، بۆیە ھەرکەسێک ببێتە مایەی سەربەخۆییی کوردستان دەستی ماچ دەکەین، جا ھەرکەسێک بێت، گرینگ ئەوەیە یاخەمان لە یاخەی داگیرکەران ببێتەوە."
(لالۆ) زۆر بە حەماسێکی کوردانەوە لەبارەی دەوڵەتەوە قسە دەکات و دەڵێ، "بەدەوڵەتبوون واتا پەیداکردنی کەسایەتیی گەورە بۆ تاکەکانی کورد و پەیداکردنی شەرەف و نامووس بۆ کورد، بۆیە دەڵیم شەرەف و نامووسە دەوڵەت"، ئەنفالکردنی پیاوان و خوشک و دایک و ئافرەتانی کورد وەک نموونەی هەرەزیندووی بەرەنجامی بێدەولەتی دەخاتە بەر باس و دەڵێ "لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە لە ئیسراحەتەوە دەبینین چۆن موزایەدە دەکەن و دژی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەوەستنەوە، جا بەھەر بیانویێک بێـت، بەڵام بەڵامیان گرتۆتەوە!، ئەم بەڵامانە ھەمووی خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و درۆ و دەلەسەیە، خەڵکە سادەکە ھەڵدەخەڵەَتێنن، بەم بەڵامانە خیانەتکاریی خۆیان دەشارنەوە."
٢٥/٩ـی ئەمساڵ ڕاپرسی بۆ بڕیاردان سەربەخۆییی باشووری کوردستان، لە لایەن ١٥ حزبی کوردستانییەوە لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێ دراوە؛ ڕۆژێک پاش ئەوە (سەرۆک بارزانی) کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی و هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد ئامادەسازی بکەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پڕۆسە چارەنووسساز و مێژووییە.
شاندێک کە بەرەنجامی کۆبوونەوەی لایەنەکانە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، بۆ باسوخواسی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان، ڕوونکردنەوەی هەوڵ و هەنگاوەکانی سەربەخۆیی، بەرەو ئەورووپا بەڕێکەوت.
(لالۆ ڕەنجدەر) دەڵێ، "ئەو کەسایەتییەی ئێستا ھەستاوە بە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، بەڕاستی جێی متمانەی میللەتە و کەسێکی تەواو نەتەوەییە کە (سەرۆک بارزانی)ـیە، بۆیە بە قسەی عەلەق و بەلەق کە لە ھەرلایەکەوە بکرێت ناچێتە گوێمانەوە، بڕیاری خۆمان داوە، با دووبارە نەکەوینە بەر دەسەڵاتی داگیرکاری و ویژدانمان با ئاسوودە بکەین بۆئەوەی لە بەرانبەر نەوەکانی دوای خۆمان سەر و چاوشۆڕ نەبین."
هاوکات ھونەرمەند (فەرھەنگ غەفوور) بە ڕۆنامەی ھەولێری ڕایگەیاندووە: "بۆ لەمەودوا بەتایبەتی لە سەرووبەندی ڕیفراندۆم و دیاریکردنی چارەنووسی خۆمان بۆ وڵاتێکی سەربەخۆ، ھونەرمەندان شانبەشانی پێشمەرگە و ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەلەکەمان لە ڕیزی پێشەوەی داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەماندا دەبن."
kdp-
