د. مەحموود عوسمان: سەردانی شاندی باڵای ڕیفراندۆم هەنگاوێكی گرینگ و پێویست بوو

د. مەحموود عوسمان: سەردانی شاندی باڵای ڕیفراندۆم هەنگاوێكی گرینگ و پێویست بوو
سیاسەتمەداری كورد، (د. مەحموود عوسمان) دەڵێت، سەردانی شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەنگاوێكی زۆر گرینگ و پێویست بوو، دەبێ لە ئەنجامەكەیشی بڕوانین و بزانین چیمان دەست دەكەوێت.

ئەمڕۆ، دووشەممە، ١٠ی ٧ی ٢٠١٧، بۆ دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ پەرلەمانی ئەورووپا و خستنە بەرباسی ڕاپرسیی باشووری كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان کە شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم یاوەری دەکات، بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێ كەوتن.

سەبارەت بەو هەنگاوە، (د. مەحموود عوسمان) سیاسەتمەداری كورد بە ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانی شاندی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەنگاوێكی زۆر گرینگ و پێویست بوو، دەبێ لە ئەنجامەكەیشی بڕوانین و بزانین چیمان دەست دەكەوێت.''

ئەو سیاسەتمەدارەی كورد ڕوونیشی كردەوە: ''جیا لە ئەورووپا با سەردانەكان بۆ وڵاتانی دراوسێ و بەغدا و ئەمەریكا و ڕووسیاش بێت، چونكە ئەوكات بەرچاومان ڕوون دەبێت و زیاتر لەسەر هەست دەبین. وەرگرتنی ڕاوبۆچوونی وڵاتان كاریكی زۆر پێویستە، ئەگەر لە ڕاوبۆچوونی وڵاتان نەگەین، ناتوانین بڕیاری دروست بدەین.''

(د. مەحموود عوسمان) گوتی: ''ئەوەی كە پێشبینی دەكرێت كێشە بۆ ڕیفراندۆم دروست بكات، چاوەڕوان دەكرێت ئێران و توركیا و عێراق بن. بۆیە دەبێ هەموو هەوڵێك بدەین ئەوانە دژمان نەبن. هەرچی زووشە لەگەڵ بەغدا كۆ بینەوە و دەربارەی ڕیفراندۆم گفتوگۆیان لەگەڵ بكەین.''

(د. مەحموود عوسمان) جەختیشی كردەوە: ''ئەم ڕیفراندۆمەی هەرێمی كوردستان بابەتێكی نەتەوەییە و دەبێ بۆ سەرخستنی هەموو حزب و لایەنەكان یەكڕیز بن و ناكۆكییەكانیان وەلا بنێنن، ئەوكات ڕیفراندۆم زیاتر بەهێز دەبێت.''
kdp-
Top