سەرکردەیەکی باکووری کوردستان داوای دەنگدان بە (بەڵێ) لەریفراندۆمدا دەکات

 سەرکردەیەکی باکووری کوردستان داوای دەنگدان بە (بەڵێ) لەریفراندۆمدا دەکات
سەرکردەیەکی باکووری کوردستان داوا لە هاووڵاتیی و حزبەکانی باشووری کوردستان دەکات، لە ریفراندۆمی سەربەخۆییدا دەنگ بە (بەڵێ) بدەن.

عوسمان بایدەمیر، گوتەبێژی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) و پەرلەمانتاری تورکیا بە (وار تیڤی)ی راگەیاندووە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کاریگەریی ئەرێنی دەکاتە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان.

عوسمان بایدەمیر، کە یەکێکە لە سەرکردە ناسراو و دیارەکانی باکووری کوردستان هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو بیتوانیبا بەشداریی ریفراندۆمی باشووری کوردستان بکا، ئەوا ”بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەنگم دەدا“.

ئەو سەرکردەیەی باکووری کوردستان هیوای خواستووە پرۆسەی ریفراندۆم، کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەنجام بدرێ، بەبێ کێشە و گرفت بەڕێوە بچێت و رایگەیاندووە، ”ئەنجامی ریفراندۆم چی دەبێ با ببێ، گرنگ ئەوەیە وڵاتانی جیهان رێزی لێ بگرن“.

عوسمان بایدەمیر پێیوایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئارامبوونەوەی ناوچەکە، ”پێویستە“ کێشەی کورد چارەسەر بکرێ و ئەگەر باشووری کوردستان بگاتە سەربەخۆیی، ئەوا ”رێیەک بۆ ئارامی و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە“.

بایدەمیر بە ئاماژەکردن بەوەی خواستی گەلی کوردستان لە ریفراندۆمدا چی ببێ، ئەو رێزی لێ دەگرێت و دەیخاتە سەر چاوی خۆی و داوای لە حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کردووە پێش پرۆسەی ریفراندۆم، رێک بکەون و بە یەکگرتوویی هەموو حزبەکان، وڵاتانی ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق ناتوانن دەست بخەنە کاروباری ناوخۆی کوردستان.

ئەو سەرکردەیە هۆشداریی داوەتە حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، کە ئەگەر یەکگرتوو و یەکڕیز نەبن، ئەوا دەوڵەتانی ناوچەکە دەست دەخەنە کاروباری ناوخۆی کوردستان و هەوڵ بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن.

پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.












باسنيوز
Top