سەرکردەیەکی یەکێتی داوای لادانی مەلا بەختیار و یەکخستنی بەرهەم ساڵح و هێرۆ برایم دەکات

 سەرکردەیەکی یەکێتی داوای لادانی مەلا بەختیار و یەکخستنی بەرهەم ساڵح و هێرۆ برایم دەکات
سەرکردەیەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە نامەیەکدا ناڕەزایی بەرامبەر بە دۆخی ئێستای حزبەکەی دەردەبڕێت و داوای لادانی مەلا بەختیار لە پۆستی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی حزبەکەی دەکات.

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتی لە نامەیەکدا کە ڕۆژی 9/7/2017 ئاراستەی چەند سەرکردەیەکی باڵای نێو باڵەکەی خۆی لە یەکێتی کردووە، ڕەخنەی لە بەشداریکردنی قوباد تاڵەبانی و نەجمەدین کەریم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم گرتووە و داوای کردووە بە هەموویان هەوڵی ئەوە بدەن کە دکتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح بگەڕێننەوە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ”لەگەڵ هێرۆ برایم ئەحمەد ڕێکیان بخەینەوە“. باسیشی لەوە کردووە کە یەکێتی بەرگەی ”ئینشیقاقێکی دیکە“ ناگرێت و ئەگەر ڕووبدات، هێندەی دیکە حزبەکە پەرش و بڵاو دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ڕای گەیاندووە: ”تا مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی بێت، یەکێتی ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو بچووکبوونەوە دەبات و ڕا و هەڵوێستی سەرکردایەتیش بێبایەختر دەکات و بە کەیفی خۆی هەڵسوکەوت دەکات“. دەشڵێت: ”ڕوون و ئاشکرایە، چەند کەسێک لە ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بە کەیفی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان بڕیار دەدەن، تەنیا ڕێگا ئەوەیە کە زوو و بەپەلە، لە جیاتی ئیمزا و ئیمزا کۆکردنەوە، داوای گۆڕینی دەستەی کارگێڕی بکەن و مەلا بەختیار زوو لادەن و دەستەکە بگۆڕن، چونکە مەلا بەختیار یەکێتیی ناو یەکێتی تێکداوە، ئەویتر هەرچی بکەن، هەمووی ئاسنی ساد دەکوتن“.

هەر لەو نامەیەدا، سەرکردەکەی یەکێتی داوای کردووە، ئەگەر حزبەکەی بە دەنگ داواکارییەکەی نەچوون، زۆرینەی سەرکردایەتیی یەکێتی دەست لەکار بکێشنەوە، ”ئەو کاتە مەکتەبی سیاسیش شەرعیەتی تەواوەتی نامێنێ و ناچار دەبن کۆنگرە ببەستن“.

ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە لە سیاسەتی ئێستای یەکێتی ڕازی نییە و دۆخی حزبەکەی ”پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتی هەیە“.

ئەم داواکارییەی سەرکردەکەی یەکێتی بەهۆی پشتیوانیکردنی بەشێکی سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان کە باڵێکی نێو یەکێتی بە توندی کار بۆ ئەوە دەکات، حزبەکە لە دژی سەربەخۆیی کوردستان بوەستێتەوە.












باسنیوز
Top