هەڵۆ برایم ئەحمەد هێرش دەکاتە سەر قوباد تاڵەبانی و نەجمەدین کەریم
هەڵۆ ئیبراهیم ئەحمەد، خاڵی قوباد تاڵەبانی، لە وتارێکدا کە لەبارەی بەشداریکردنی چەند بەرپرسێکی یەکێتی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆمدا بڵاوی کردووەتەوە، دەستخۆشی لە هەڵوێستی ئەو سەرکردانەی حزبەکەی کردووە کە بەشدارییان لە ئامادەکارییەکانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان نەکردووە و بە توندیش هێرشی کردووەتە سەر قوباد تاڵەبانی و نەجمەدین کەریم و نووسیویەتی: ”دەریانخست کە دڵسۆزییان بۆ کێیە؟“.
ئاماژەشی بەوە داوە کە ”ئەوەی بەلای بارزانییەوە جێگەی بایەخ بوو، ڕووی دا، ئەویش بەشداریکردنی کوڕی مام جەلال و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بوو لەو کۆبوونەوەیەدا، ئیتر گرنگ نییە بە چ ناوێک بەشدارییان کردووە“.
بۆیە داوای لە سەرکردایەتیی حزبەکەی کردووە، هەڵوێست لە بەرامبەر هەردوو بەرپرسەکەی یەکێتی بگرنە بەر و ڕای گەیاندووە: ”ھەقوایە بە زووترین کات قوباد تاڵەبانی لە پۆستەکەی لابدرێت“ و بەپێویستی زانیوە ”کەسێکی شیاوتر لە شوێنی دابنرێت“ کە بەرژەوەندیی یەکێتی بخاتە سەرووی بەرژەوەندیی پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستان کە هەڵۆ برایم ئەحمەد بە ”بەرژەوەندیی بارزانی و پارتی“ وەسفی کردووە. هاوکات داوای دەرکردنی نەجمەدین کەریمیشی لە پۆستی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کردووە.
ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە بەشداریکردنی هەردوو بەرپرسی حزبەکەی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ڕیفراندۆم، ”گەورەترین زیانی گەیاند بە ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان“.
ئەم نووسینەی هەڵۆ برایم ئەحمەد دوای ئەوە هات کە هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەجمەدین کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا کرد، بەو هۆیەشەوە لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێکی یەکێتی کە لەژێر پاساوی جۆراوجۆردا دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانن، هێرشیان کردە سەریان.
