سۆران.. بكوژی كچە قوتابییەكە دەستگیر کرا
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 10-7-2017 لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سۆران، كونگرەیەكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوشاری سۆران ساز كرا کە تایبەت بوو بە ئاشكراكردنی بكوژەكە و كەیسی كوشتنی كچە قوتابی رۆژین سەفەر مستەفا، كەلە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ماڵەكەیدا بە چوار چەقۆ كوژرا".
لەو كۆنگرە رۆژنامەویەدا رائید سالار دری، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سۆران، رای گەیاند، دوای 72 کاتژمێر بەسەر تێپەڕبوونی رووداوەکە، لەلایەن هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی سۆرانەوە توانیان تۆمەتباری تاوانەکە دەستگیر بکەن، بەناوی (د-م-ا) تەمەن 30 ساڵ، پیشەی پۆلیسی هاتووچۆیە و خێزاندارە، دەکاتە مامی ئەو کچە کە کوژراوە و لەلای دادوەر دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی ماددەی 406 یاسایی سزادانی عێراقی سزا دراوە".
هاوکات محەمەد مهاجیر، بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوشاری سۆران رای گەیاند "هێزە ئەمنییەکانمان هەمیشە چاوکراوەن و تاونباران ناتوانن لەدەست یاسا رزگاریان بێت، سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکەش تا ئێستا کەیسەکە لەژێر لێکۆڵینەوە دایە و تۆمەتبارەکە تا ئێستا تەنیا دانی بە کوشتنەکەدا ناوە و هۆکارەکەی ئاشکرا نەکردووە".
شەوی 2-7-2017 هێرش دەكرێتە سەر ماڵی رۆژین سەفەر و بە چوار چەقۆ كۆتايی بەژیانی دەهێنرێت. رۆژین، تەمەنی 17 ساڵان و قوتابی قوناغی بنەڕەتیی بوو، لە گەرەكی حەریقی سۆران نیشتەجێ بوون، دوای ونبوونی بكوژەكە، ئاسایش و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان، دەست دەكەن بە لێكۆلێنەوە و دوای چەند رۆژ كەسێك بەو تۆمەتە دەستگیر دەكرێت و دان بە تاوانەكەی دەنێت.
باسنیوز
