ورمێ.. ئەندامێکی سوپای پاسداران کەوتە بەر دەستڕێژی گوللە
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی گرووپی (هەڵۆکانی زاگرۆس) کە وێنەیەکیشی بۆ ئاژانسی (باسنیوز) گەیشتووە کاتژمێر 10ی شەوی یەکشەممە 2017/7/9 فەریق ئازدایخا، کوڕی تۆفێق بە پلە ئەفسەر و ئەندامی سوپای پاسداران لەلایەن ئەو گرووپەوە لە شارەدێی دزەی مەرگەوەڕی ورمێ کەوتووەتە بەرد درستڕێژ و بە توندی بریندار بووە".
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی هەڵۆکانی زاگرۆسدا هاتووە "ئەو ئەندامە خۆجێیەی سوپای پاسداران کەسێکی خەیانەکار بووە و لە ئازار و ئەزیەتی خەڵکی ناوچەکەدا دەستی هەبووە و پێشتر پێنج جار ئاگادار کراوەتەوە کە واز لەو کردەوانەی بێنێ، بۆیە شەوی ڕابردوو بە پێنج گوللە بریندار کراوە".
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە "فەریق بەهۆی خۆشخزمەتییەکانی بە حکوومەتی ئێران بەهاری ئەمساڵ وەک خەڵات پلەی ئەفسەری پێ دراوە"
هەتا ئێستا میدیاکانی سوپای پاسداران لەم بارەوە هیچ هەواڵ و زانیاییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس کە دوو ساڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە، گرووپێکی چەکدارن و خوازیاری بەرگری و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەی کوردن و هەتا ئێستا بەرپرسیارێتیی کوژرانی چەندین ئەندام و فەرماندەی سوپای پاسدارانیان گرتووەتە ئەستۆ و وەک بیروباوەڕ لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران (حدکا)وە نزیکن.
باسنیوز
