سەرۆك بارزانی و مەکگۆرک رەوشی سووریا و ئازادکردنی رەققە تاوتوێ دەکەن
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 9.7.2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەڵاحەدین لەگەڵ برێت مەکگۆرک، نێردەی تایبەتیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، کۆ بووەتەوە.
سەرۆك بارزانی و برێت مەکگۆرک تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەکانی شەڕی دژی داعش، قۆناغی دوای کۆتایی هاتنی داعش لە عێراق، رەوشی ئەمنیی و سیاسیی سووریا و ئازادکردنەوەی شاری رەققە لە سووریا، کردووە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، برێت مەکگۆرک ”هەماهەنگیی کەموێنە“ی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژی داعشی بە هۆکاری ”سەرکەوتنە مەزنەکان“ بەسەر ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، داناوە.
برێت مەکگۆرک سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، کە هەولێر ”ئاسانکاریی زۆر“ی بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ لێقەوماوانی سووریا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە، کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، بارزانی و مەکگۆرک جەختیان لە ”پەیوەندیی و راوێژی بەردەوام“ کردووەتەوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی سەرۆك بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
