بەغدا خۆی لەجێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەولێر دەدزێتەوە

  بەغدا خۆی لەجێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەولێر دەدزێتەوە
هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بۆ هەڵبژاردن، بارودۆخێکی تایبەت لە رووی یاساییەوە بە کەرکووک بدەن.



رۆژی یەکشەممە 9.7.2017، هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم و ئامادەبوونی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆ بووەتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە یەکپارچەیی خاکی عێراق ”هێڵی سوورە“ و دەبێ بۆ چارەسەرکردنیی کێشەکانی هەولێر و بەغدا پشت بە گفتوگۆ ببەسترێت.



هەروەک لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەکان داوای کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان رەوشێکی تایبەت لە رووی یاساییەوە بە کەرکووک بدرێت.



ئەو راگەیەندراوەی هاوپەیمانیی شیعەکان لە کاتێک دایە، کە بەپێی دەستووری عێراق، ئەگەر حکوومەتی عێراق پابەند نەبوو بە دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستان، هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی لە عێراق جیابێتەوە و بەردەوام حکوومەتی عێراق خۆی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەدزێتەوە.



لە ساڵی 2013ـەوە حکوومەتی عێراق بە بڕیاری نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی ئەو وڵاتە، بەشەبودجەی کوردستانی بڕیوە و لە شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، وێڕای هاوکارینەکردنی پێشمەرگە و کورد، رێگریی لە هاوکارییە سەربازییە دەرەکییەکانیش بۆ کورد، دەگرت.



پێشتر چەندین جار سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان رەتی کردووەتەوە دەستبەرداری ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بێت و بەرپرسانی باڵای کوردستان رایانگەیاندووە، کە هەرگیز لەبەر هیچ هۆکارێک ریفراندۆم داواناخەن و لێی پاشگەز نابنەوە.



پێشتر لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە 7.6.2017ـی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەر و سەرکردەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، ئەنجام بدرێت.




باسنيوز
Top