وه‌زاره‌تى ناوخۆ دژ به لێدوانى سه‌ركرده‌یه‌كی نزیك له مالیكی به‌رامبه‌ر كورد هاته ده‌نگ
له دیدارێكى قاسم ئه‌عره‌جى و ژماره‌یك له كوردانى فه‌یلى له به‌غدا، وه‌زیری ناوخۆ ڕای گه‌یاند :" وه‌زاره‌تى ناوخۆ بۆ هه‌موو گه‌لى عێراقه به هه‌موو نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌ب و پێكهاته‌كانى، بۆیه ئاماده‌یه به‌رگرییان لێبكات و خزمه‌تگوزارى پێویستیشان پێشكه‌ش بكات به بێ هیچ جیاكارییه‌ك".
جه‌ختیشی كرده‌وه، له‌سه‌ر ڕێزگرتن له كوردانى فه‌یلى و قوربانیدانیان له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا، گوتیشی :" هه‌موو خراپه‌كارى و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر كوردانى فه‌یلى و هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی دیكه‌ى عێراقی، ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه".
پێشتر سه‌عد موته‌ڵه‌بى، سه‌ركرده له ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تى یاسا كه به‌یه‌كێك له سه‌ركرده نزیكه‌كان له نوورى مالیكی داده‌نرێت، به‌هۆى ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆمى كوردستانه‌وه، هه‌ڕه‌شه‌ى وه‌رگرتنه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زنامه‌ى عێراقی و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى سه‌روه‌ت و سامانى كوردانى فه‌یلى كرد.
ئه‌و لێدوانانه‌ى سه‌ركرده نزیكه‌كه‌ى مالیكی، نیگه‌رانى زۆرى لێكه‌وته‌وه و له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌كانى كوردانى فه‌یلییه‌وه، له دادگاكانى عێراق به‌تۆمه‌تى (فیتنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی) سكاڵا دژ به (سه‌عد موته‌ڵه‌بى) تۆمار كرا.
bas news-
