چاودێرێكى سیاسی: چوار لایه‌نه‌كه‌ بۆ وه‌رگرتنى ڕێنمایی نوێی ئێران له‌گه‌ڵ عه‌مار حه‌كیم كۆبوونه‌ته‌وه‌

چاودێرێكى سیاسی: چوار لایه‌نه‌كه‌ بۆ وه‌رگرتنى ڕێنمایی نوێی ئێران له‌گه‌ڵ عه‌مار حه‌كیم كۆبوونه‌ته‌وه‌
چاودێرێكى سیاسی كورد له‌ باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌مار حه‌كیم، ئاشكراى ده‌كات، كه‌ سەردانی پەرلەمانتارانی ئەو چوار حزبە بۆ لای عەمار حەکیم و راستەوخۆش دوای گەڕانەوی سه‌ركرده‌ شیعه‌كه‌ لە ئێران، هیچ تەفسیرێک هەڵناگرێ جگە له وەرگرتنی رێنمایی نوێ بۆ دژایەتیکردنی پڕۆسەی ریفراندۆم.

به‌ختیار تاڵه‌بانى، چاودێری سیاسی و نووسه‌ر، له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌ى فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ گه‌ڵ سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى نیشتمانى (شیعه‌) كه‌ دوێنێ ئێواره‌ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ چوو، ڕاگه‌یاند :" سەردانی پەرلەمانتارانی ئەو چوار حزبە بۆ لای عەمار حەکیم و راستەوخۆش دوای گەڕانەوی لە ئێران، هیچ تەفسیرێک هەڵناگرێ جگە له وەرگرتنی رێنمایی نوێ بۆ دژایەتیکردنی پڕۆسەی ریفراندۆم، کە بەڕێز موسەننا ئەمین دەڵێ جگە لە من ، هیچ کام لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە نووقەیان لێوە نەهات".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، كه‌ :" عەمار حەکیم لە ئێرانەوە رایدەگەیەنێت، بۆ رێگەگرتن لە پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، سەردانی چەند وڵاتێکی عەرەبیی کردووە، هه‌روه‌ها مالیکی-یش دەڵێت، هەموو رێگەیەک بۆ شكستپێهێنانى ئەو پڕۆسەیە دەگرینە بەر و ڕێگە بە کەسیش نادەین مەترسی لەسەر یەکپارچەیی خاکی عێڕاق درووست بکات، هەروەك دەڵێت، کورد وەک جاران یەکدەنگ نیە و گرەوی ئێمەش لەسەر کوردە نیشتمان پەروەرەکانە، ئەوانەی داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی عێڕاق دەکەن".

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، لە کوردستانیش رەوتێک کە لایەنێکی سیاسی ئاراستەی دەکات، بە بەهانە و بیانوی جیاجیا لە میدیاکانیەوە کار لەسەر تەیارکردنی کۆمەڵانی خەڵك دژی پڕۆسەی ریفراندۆم ده‌كات و هەندێ هەڵسوراویشی، بۆ ئەو مەبەستە، کوێستان و گەرمیان دەکەن.

به‌ختیار تاڵه‌بانى، ده‌شڵێت :" پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، دوای گرتنەبەری رێگەی بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان ؛ ئایا ئەو رێگایانەی کە مالیکی دەڵێ دەیگرینە بەر چین، کێن ئەوانەی لە کوردستان بۆی جێبەجێ دەکەن و کێشن ئەوانەی مالکی دەڵێ یەکدەنگی کوردیان تێکداوە و داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی عێڕاق دەکەن ؟ ئەی پێداگرتنی ئێران و مالیکی لەسەر دوو پەرلەمانتاری کورد بە سەرۆکی فراکسیونی حزبەکیان لە بەغدا چى رەبتێکی بەو هاوکێشەیەوە هەیە ؟".

ئه‌و چاودێره‌ سیاسییه‌، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بڕوا ناکات به‌وه‌ى عەمار و مالیکی لە بۆشایدا ئەم قسانەیان کردبێت و لینکیشیان بۆ جێبەجێکردنی ئەجینداکەیان درووست نەکردبێت.
bas news-
Top