محەمەد خورشید: دەخوازین کۆمیسیۆن بە زوویی لە کەرکووک دەستبەکار بێ

 	 محەمەد خورشید: دەخوازین کۆمیسیۆن بە زوویی لە کەرکووک دەستبەکار بێ
به‌رپرسى لقى سێى پارتی دیموكراتی كوردستان لە کەرکووک دەڵێ، دەخوازین کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان بە زوویی ئۆفیس لە کەرکووک بکاتەوە، هەروەها بەشداریی پارێزگاری کەرکووکیش لە کۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمدا بە ئەرێنی و کارئاسانی بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە کەرکووک دەزانێت.
پارێزگاى كه‌ركووك، کە ناوچەیەکی کوردستانیی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە، بە گوێرەی ئامارێکی فەرمیی ساڵی ٢٠١٤ ژمارەی دانیشتووانی لە ٩٠٠ هەزار کەس زیاتر بووە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی زۆرینەی کوردن، تورکمان و مەسیحی و عەرەبیش لەو شارەدا هەن، ئێستا لایەنە کوردییەکان بە تەواوەتی لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم لەو شارەدا بەڕێوە بچێت و هاوکات هەندێ لە کەسایەتیی دیاری پێکهاتەکانی دیکەیش پاڵپشتییان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە.


دوێنێ لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا، پارێزگاری کەرکووکیش بەشدار بوو، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان، (محەمەد خورشید) دەڵێت: ''ئەو بەشدارییەی پارێزگاری کەرکووک لە کۆبوونەوەکەدا و لە لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمدا کارئاسانییەکی باش بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لەو پارێزگایەدا دەکات.''

(د. محەمەد خورشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''دەخوازێت بە زوویی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستاندا بڕیار دەربکات بۆ ئەوەی ئۆفیسیان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەستبەکار بێت، بۆ ئەوەی کارە تەکنیکییەکانیش جێبەجێ بکرێن.''

‌کورد لەنێو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە لیستەکەی بەناوی لیستی برایەتیی کەرکووکە، لە کۆی ٤١ کورسی، خاوەنی ٢٦ کورسییە، ئێستا چاوەڕوانکراوە، کە دەنگی ''بەڵێ'' لە ڕۆژی ٢٥ -٩ی ئەمساڵدا زۆرینە بەدەست بێنێت، بەرپرسی لقی سێی پارتی دەربارەی ڕیفراندۆم لە کەرکووک دەڵێت: ''وه‌كو كوردستانیانى كه‌ركووك ڕیفراندۆم به‌ بابه‌تێكى چاره‌نووسساز ده‌زانین، چونكه‌ ئه‌مه‌ به‌شێكیشه‌ له‌ دیاریكردنى پاشه‌ڕۆژى كه‌ركووك و پێمان وایه‌ به‌م ڕیفراندۆمه‌ دوو بڕیار ده‌دەین؛ یه‌كه‌میان، بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركووكه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، كه‌ خه‌ونى له‌مێژینه‌ى هه‌موومانه‌، دووه‌میش، په‌نا به‌ خوا به ‌''به‌ڵێ'' بۆ سه‌ربه‌خۆییى كوردستان، دەکەوینە سنووری دەوڵەتی کوردستانەوە.''

kdp -
Top