سەعد خالد: سەبارەت بە کوردانی فەیلی لەگەڵ بەغدا قسە دەکەین؛ دەبێ ژیانیان پارێزراو بێت

 	 سەعد خالد: سەبارەت بە کوردانی فەیلی لەگەڵ بەغدا قسە دەکەین؛ دەبێ ژیانیان پارێزراو بێت
ئەندامێکی کۆمیتەی سەرۆکایەتیی حزبی زحمەتکێشانی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێکدا هەڕەشە لە پێکهاتەی کوردانی فەیلی بکرێت و دەبێ هەموو خەڵکی عێراق بە ئازادی بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

کوردانی فەیلی لەبەر ئەوەی پێشوەختە هەڵوێستی خۆیان دیاری کرد، کە دەنگ بە ڕیفراندۆم دەدەن و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەت، بۆیە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک هەڕەشە بوونەتەوە و لە لایەن پەرلەمانتارێکی نیزیک لە (مالیکی)یشەوە، بەناوی (سەعد مەتڵەبی) بە ئاشکرا داوای وەدەرنانی کوردانی فەیلی لە بەغدا کراوە، دوێنێش پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (د.ئەشواق جاف) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، بەدواداچوون بۆ سکاڵای کوردانی فەیلی دەکەن و دەبێ (سەعد مەتڵەبی) دادگایی بکرێت.

سەبارەت بەم پرسە، (سەعد خالد)، ئەندامی کۆمیتەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''بە پێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان، هەموو مرۆڤێک بۆی هەیە، بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقیشدا هاتووە، هەر هاووڵاتییەک ئازادە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و دەبێ تاکی عێراقی ئازادانە گوزارشت لە بۆچوونی خۆی بکات، ڕێگری لە دەنگی ئازاد بۆ دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین، پێشێلکاریی زەقە و کەس بۆی نییە ڕێگریی لێ بکات.''

(سەعد خالد) گوتی: ''بەداخەوە ئێستا دەنگێکی ناشاز لە دژی کوردانی فەیلی لە عێراق هەیە، ئەوان غەدر لێکراون، لە سەردەمی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقدا وەک هاووڵاتی مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە، حکوومەتی عێراق لە ڕابردوو و ئێستاشدا حسابی بۆ نەکردوون، هەڕەشەیان لەسەر بووە، بۆیە هەموو ئەو بانگەشانەی بۆ عێراقی پێکەوەژیان کرا وا نەبوون و تا ئێستا عەقڵییەتی شۆڤێنی حزووری هەیە و دژی پێکهاتە عێراقییەکان کار دەکات، بە فەیلییەکانیشەوە، کە کوردی ڕەسەنن.''

(سەعد خالد) ئەوەیشی خستەڕوو: ''لەو بارەوە لەگەڵ بەغدا قسە دەکرێت کە ژیانیان نەکەوێتە مەترسییەوە، سیاسەتی هەرێمی کوردستان و ئەو هێزە کوردستانییانەی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بەرنامەی ڕیفراندۆمدان، ئەوەیە کە هەوڵ دەدەن لەگەڵ عێراق قسە بکرێت بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ ئەم پرسە قبووڵ بکرێت و هەڕەشەش لە کەس نەکرێت.''
kdp -
Top