ئامێدییەکان پێشوەختە دەڵێن بەڵێ بۆ ریفراندۆم
قەزای ئامیدی لە ڕووی کارگێرییەوە سەر بە پارێزگای دهۆکە، بە ٧٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری پارێزگای دهۆک و باشووری تورکیا و لە مێژوودا پایتەختی میرنشینی بادینان بووە و خاوەنی شەش ناحیەیە؛ سەرسنگ، دێرەلۆک، بامەڕنێ، چەمانکێ، کانی ماسێ و شێلادزێ. خەڵکی ئامێدی بە پەرۆشەوەن بۆ ئەوەی لە رۆژی ریفراندۆمدا بە بەڵێ پێشوازی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن، لەو بارەیەوە (ڕۆژهات لوقمان)، ڕۆژنامەنووسە و خەڵکی ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هەمیشە گەلی کورد جێی شانازی بووە لە نێو سەرتاسەری گەلاندا و کوردستانیش لانکەی مرۆڤایەتی بووە لە سەرانسەری جیهاندا و مەزنترین تاوانیش ئەوەیە بە تەنیا کوردستان سەربەخۆ نەبیت. لە جاڕنامەی مافی گەلاندا هاتووە، هەموو گەلان مافی ئەوەیان هەیە چارەنووسی خۆیان دیار بکەن، گەلی کوردیش ئەو مافەی هەیە و مافێکی سرووشتی و یاسایییە.''
(ڕۆژهات) گوتی: ''ڕیفراندۆم مافێکی ڕەوا و یاساییە، هیج ئاستەنگێک نییە بۆ ئەوەی ئێمە ئەم مافە دوا بخەین، ئێمە بە سەدان ساڵە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەین، بۆ ئەوەی هەموو بە یەکدەنگ بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بچین و بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەین بۆ ڕیفراندۆم و دواتریش سەربەخۆ بین.''
هەر لەو بارەیەوە، (مەحموود نهێلی)، خەڵکی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم پرسی گەلە بە ڕێیەکی دیموکراسیدا، ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ مێژوو ژمارەیەکی زۆر وڵات سەربەخۆییی خۆیان وەرگرت، کەچی گەلێک بە مافی خۆی شاد نەبوو، ئەویش گەلی کورد بوو، بێگومان ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەچیت و وڵاتنی دراوسی و وڵاتە زلهێزەکانی جیهانیش پشتگیریی دەکەن، ئەمە بووەتە کردار و هیچ کەسێک ناتوانێت خۆی لەم کێشەیە بدزێتەوە.''
ئێستا پێگەی دیپلۆماسیی کورد بەهێزە و بە نوێنەرایەتیی جیهان لە دژی چەکدارانی داعش دەجەنگێت و پێشمەرگەی کورد تاکە هێزە کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنیت و ئێستا پیشمەرگە لە شنگالەوە تا خەناقین سنووری کوردستانی گرتووە و بە سەدان پیشمەرگە خۆینی خۆی ڕشتووە بۆ ئەوەی بە ڕێی دیموکراسی و ڕیفراندۆمدا سەر بەخۆ بین.
(عەبدلڕەحمان حسێن)، هاووڵاتییەکی قەزای ئامێدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''وەک چۆن خەڵکی دنیا هەموویان مافی ئەوەیان هەیە وڵاتێکی سەربەخۆیان هەبیت، پێویستە کوردستانیش هەمان مافی هەبێت و شانازی بە وڵاتێک بکەین، کە ناوی کوردستانە و هەموو حزبە کوردییەکان پشتگیریی ئەم هەنگاوە بکەن و ئێستا کاتی ناکۆکی نییە، وڵاتانی دنیا زۆرێکیان لەڕووی ژمارەوە و سنووری جیوگرافیاوە رووبەڕیان لە کوردستان کەمترە، بەڵام وڵاتی تایبەتی خۆیان هەیە، کەچێ ئێمە زۆرترین گەلین، کە وڵاتمان نییە.''
kdp -
