ماموستایەکی زانکۆ: کاری لۆجستی و دیپلۆماسی ریفراندۆم دەستی پێ کرد

 	 ماموستایەکی زانکۆ: کاری لۆجستی و دیپلۆماسی ریفراندۆم دەستی پێ کرد
ماموستایەکی زانکۆ دەڵێت، پرۆسەی ڕیفراندۆم کەوتووەتە سەر سکەی خۆی و ھەنگاوی کردارییش دەستی پێ کردووە، کە ئەویش دوو قۆناغە؛ یەکەم، ئەنجامدانی کاری لۆجستی، کە کۆمیسیۆن و حکوومەت دەیکەن؛ قۆناغی دووەمیش لە ڕووی دیبلۆماسییەوەیە، ئەویش گەیاندنی ڕای ھەرێمی کوردستانە دەربارەی ڕیفراندۆم بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی ھەرێمی و بەغدا، کە ئێستا ھەردوو قۆناغەکە دەستیان پێ کردووە، ئینجا دواتر بانگەشەی ڕیفراندۆم دەست پێ دەکات.

دوێنێ لە پیرمام یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەشداریی نوێنەری پارتە سیاسییەکان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەندام لەو ئەنجومەنەدا بەڕێوە چوو، پابەندبوونی بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی 7ی حوزەیرانی 2017 سەبارەت بە دیاریكردنی ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دووپات کرایەوە. سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ماموستای زانکۆ و چاودێری سیاسی، (د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە یەکەم کۆبوونەوەدا بڕیاری ڕیفراندۆم درا و ھەموو دەزگاکان ڕاسپێردران کار بۆ ئەو پرۆسەیە بکەن، ئەمەش پێویستی بە ڕێکاری خێرا ھەیە، ئێمەش لەو ڕووەوە دوو قۆناغمان ھەیە؛ پێش ڕیفراندۆم، کە ئێستا لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم کاری بۆ دەکات، بەوەی ھەموو دامودەزگاکان کاری لۆجستی بکەن، کە پەیوەندیی بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی و حکومەتەوە ھەیە و جگە لەوەش، کاری دیپلۆماسی، کە ڕاوبۆچوونی ھەرێم دەربارەی ڕیفراندۆم بگاتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی دەوروبەر و بەغدا. حەتمەن کاری دیکەش ھەیە، ئەویش بانگەشەی ڕیفراندۆمە، کە لە ناوخۆی ھەرێمدا دەکرێت، کە ئەمەش کارێکی دیکەی لیژنەی ڕیفراندۆم دەبێت.''

(د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) گوتی: ''کۆبوونەوەکەی دوێنێ ئەوە نیشان دەدات، کە لەمەودوا کارکردن بۆ ڕیفراندۆم زۆر خێرا دەبێت و پرۆسەکە کەوتووەتە سەر سکەی خۆی و دەستی پێ کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەیەکی زۆر سیستەماتیکدایە.''

(د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) ڕوونیشی کردەوە: ''ھەنگاوەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم زۆر جددین و گومانی تێدا نییە، کە دەکرێت و پاشگەزبوونەوە لەو پرۆسەیەدا نییە و ھەموو ئەو بەربەستانەی دێنە پێش لە ڕێی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمەوە چارە دەکرێن، ئینجا دواتر پرۆسەی سەربەخۆیی دەست پێ دەکات، کە ئەویش کۆمەڵێک ڕێکاری تایبەتی دەوێ.''

kdp_
Top