کەلار.. کەسێک 2 دەفتەر دۆلاری لە ماڵێکدا دزی

 کەلار.. کەسێک 2 دەفتەر دۆلاری لە ماڵێکدا دزی
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، دەستگیرکردنی کەسێکی بە تۆمەتی دزینی 2 دەفتەر دۆلار لە ماڵێکدا ڕاگەیاند.

عەلی جەمال قدوری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، ڕایگەیاند: "پاش ئەوەی شەوی ڕابردوو 8/7/2017 لە بوونی حاڵەتێکی دزیکردن لە ماڵێکدا لە گەڕەکی (شەھیدان)ی شاری کەلار ئاگادارکراینەوە، دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر چۆنیەتی ڕووداوەکە دەستی پێکرد و لەماوەیەکی کەمدا توانیمان دزەکە دەستگیر بکەین".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو: "ڕووداوەکە لەکاتێکدا بووە کە خاوەن ماڵەکە لە ماڵدا نەبوون و تۆمەتبارەکەش بە ھەلی زانیوە و 2 دەفتەر دۆلاری لە ماڵەکەدا دزیوە".

گوتیشی: "تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 ی یاسای سزادانی عێراقی بەندکراوە".








باسنیوز
Top